رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق فەرمان بە دادگەکان دەکات لێکۆڵینەوە لە هاوژینیی وەهمى بکەن، کە بڕى مارەییەکەیان زۆرە و دواى ماوەیەک هاوژینەکان جیادەبنەوە، ئەوەش بە گومانى ئەوەى بەشێک بێت لە سپیکردنەوەى پارە.
بەگوێرەى نووسراوێک کە ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە 4ى ئایار ئاراستەى داواکاری گشتى و دادگەکانى کردووە، دادگەکانى بارى کەسی بۆ تۆمارکردنى گرێبەستى هاوژینیی وەهمى و دیاریکردنى بڕێکى زۆرى مارەیی قۆزراونەتەوە، کە تاوەکو دواى ماوەیەکى کەم جیادەبنەوە و مارەییەکە دەدرێت.
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەری هۆکارى ئەو هۆشدارییەى بە تاوانى سپیکردنەوەى پارەوە گرێ داوە، کە یەکێک لە رێگەکانى ئەو جۆرە گرێبەستە هاوژینییەیە.
بەگوێرەی نووسراوەکە، داوا لە دادگەکان کراوە ئەگەر مامەڵەى گرێبەستێک چووە دادگەکانى بارى کەسی و مارەییەکى زیاد لە پێویست بوو، هاوتا نەبوو لەگەڵ ئەو بڕەى کە هەیە، پێویستە دادگە داوا لە هەردوو لایەنى گرێبەستەکە بکات سەرچاوەى پارەکەیان ئاشکرا بکەن، بەرلەوەى گرێبەستى هاوژینییەکەیان واژۆ بکەن.
ئارى ئەحمەد، پارێزەر لە کەرکووک کە لە دۆسیەکانى بارى کەسى کار دەکات، بە رووداوى گوت، "هەندێک لە مارەیی گرێبەستەکانى هاوژینی پارەکەیان دەگاتە یەک ملیار دینار یان 100 مسقاڵ زێڕ کە بڕێکى زۆرە."
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى لەو بڕیارەیدا ئاماژەى بەوە داوە، ئەگەر دادوەر بڕواى بە دروستیى سەرچاوەى دارایی ئەو گرێبەستى هاوژینییە نەبوو، یان ئەوەى کە نیەتێکى راستەقینە بۆ هاوژینییەکە نەبوو، پێویستە هەردوو لایەنەکە رەوانەى نووسینگەى سپیکردنەوەى پارە بکرێن، بۆئەوەى لێکۆڵینەوە لە رەوایەتیى مارەییەکە و سەرچاوە داراییەکەى بکەن.
ئارى ئەحمەد ئاماژەى بەوە دا کە بەشێک لەو ژنانەى عێراقى نەبن دواى هاوژینییەکە لە عێراق و گەڕانەوەیان بۆ وڵاتانى خۆیان، لە دادگەى وڵاتەکە بڕیارى جیابوونەوە وەردەگرن، بە فەرمى ئەو بڕیارە بە عێراق دەگەیێندرێت و پارەى مارەییەکەى بۆ رەوانە دەکرێت، کە بڕەکەى زۆرە.
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى ئەوەى بە دادگەکان راگەیاندووە، ئەگەر سکاڵایەک بچێتە بەردەمیان لەسەر ئەو جۆرە گرێبەستانە و دادوەر بڕواى بەوە بێت کە بەشێکە لە تاوانى سپیکردنەوەى پارە، دەبێت دۆسیەکەیان رەوانەى نووسینگەى سپیکردنەوەى پارە بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ