وەزارەتی بازرگانیی عێراق: بڕیارەکانی تایبەت بە گومرگ بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمی خۆماڵین

05-05-2025
مالیک محەممەد
محەممەد حەنوون (لای چەپ) لە بۆڵتەنی کاژێر 14:00ـی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشی دەکات.
محەممەد حەنوون (لای چەپ) لە بۆڵتەنی کاژێر 14:00ـی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشی دەکات.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، دەبێت هەموو بڕیارەکانی حکومەت هاوتەریب بن لەگەڵ یاسا و پێویستی وڵات، ئەو بڕیارانەش تایبەت بە پرسە گومرگییەکان دراون بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمی خۆماڵی بوون.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی ئایاری 2025، محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بۆڵتەنی کاژێر 14:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە زانا کایانی پێشکێشی دەکات رایگەیاند، "بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری لە بارەی گومرگەکانەوە، لەسەر هەموو پارێزگا عێراقییەکان جێبەجێ دەکرێت، لە نێویشیاندا پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەو بڕیارانەی دراون لە قەدەخەکردنی هاوردەکردن یان ناردنی لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە."
 
محەممەد حەنوون دەشڵێت، "لە بەرژەوەندی کەسدا نییە کاڵایەک لە پارێزگایەکدا قەتیس بکرێت و نەهێڵدرێت بگاتە پارێزگاکانی دیکە، بەڵام بابەتەکە پێویستی بە گفتوگۆ هەیە لەنێوان برایانمان لە هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، بۆ ئەوەی رێگەچارەیەک دابنرێت، کە رێگە بە برا بازرگانەکانمان بدات کاڵاکانیان بنێرن."
 
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق:
 
رووداو: بەپێی راپۆرتەکان، زۆربەی کۆگەکانی کەرکووک و موسڵ چۆڵ بوون، ئایا وەزارەتی بازرگانی عێراق لێکۆڵینەوەی لە کاریگەرییەکانی ئەم بڕیارە لەسەر بازاڕی ئەو شارانە کردووە؟
 
محەممەد حەنوون: سرووشتیی پرسیارەکە نازانم، ئایا کۆگەکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی بەتاڵ کراون، یان ئەوانەی دیکە. بابەتەکە پەیوەستە بە وەرزی بەبازاڕکردن یان بە بابەتی دیکەوە، بۆیە دەبێت پرسیارەکە بەوجۆرە بێت کە کام کۆگە داخراون و کارکردنیان چۆنە. 
 
رووداو: مەبەستم کۆگەکانی حکومەتە لەو شارانەدا.
 
محەممەد حەنوون: کۆگە حکومییەکان سەر بە کام شوێنن؟ سەر بە وەزارەتی بازرگانین یان وەزارەتەکانی دیکە، یان سەر بە کەرتی تایبەتن، جۆری کۆگەکان چۆنن تاوەکو وەڵامەکە روون بێت.
 
رووداو: مەبەستم لە کۆگەکانی وەزارەتی بازرگانییە.
 
محەممەد حەنوون: کام کۆگە؟ کۆگەکانی تایبەت بە گەنم و جۆ یان بەشەخۆراک یان سەبەتەی خۆراک؟ کام کۆگەن کە بەتاڵکراون؟
 
رووداو: لە دوو رۆژی رابردوو بەرپرسێکی کەرکووک گوتی، گرفت دروستبووە لە کۆگە بازرگانییەکان بۆ کاڵا و خۆراک. بەتایبەتی موسڵ و کەرکووک بەپێی پێوست خۆراک ناگات و نرخەکان گرانبوون.
 
محەممەد حەنوون: من دەمەوێت روونکردنەوەیەک بدەم؛ یەکەم، کەرکووک و موسڵ لە پارێزگا گرنگەکانی عێراقن، نابێت هیچ بڕیارێکی حکومی کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆگەکانی ئەو دوو پارێزگایە دروست بکات و جیایان بکاتەوە لە کۆگەی پارێزگاکانی دیکە، ئەگەر بابەتەکە پەیوەندی بە وەزارەتی بازرگانییەوە هەبێت، لە پرسی گەنم و جۆ یان سەبەتەی خۆراکی، ئەوا کەرکووک و موسڵ گرنگترین پارێزگای عێراقن لە هەردوو پرسی گەنم و سەبەتەی خۆراکی، ئێمە کۆگەی گەورەمان لە موسڵ، دهۆک و کەرکووک هەیە. ئەگەر بابەتەکەش پەیوەندی بە کەرتەکانی دیکەوە هەبێت دەبێت ئەوان وەڵامی بدەنەوە، بەڵام ئەگەر بابەتەکە پەیوەندی بە گەنم و سەبەتەی خۆراکییەوە هەبێت، ئەوا ئەو پارێزگایانە لای ئێمە گرنگن و وەکو جاران گرنگییان پێدەدرێت. هەر خۆراکێک لە تورکیاوە دێت، دەچێتە ئەو کۆگەیانەوە و دواتر دابەش دەکرێن بەسەر پارێزگاکانی دیکەدا.
 
رووداو: بازرگانان باس لە زیانی خۆیان دەکەن لە مانەوەی کاڵاکانیان لەو کۆگەیانەدا بەهۆی بڕیارەکانەوە، مەبەستم کیوئاڕ کۆدە.
 
محەممەد حەنوون: ئێستا روونە، بابەتەکە پەیوەندی بە جۆر و سرووشتی بازرگانییەوە هەیە، من هەمیشە دەڵێم هەموو بڕیارەکانی حکومەت دەبێت هاوتەریب بن لەگەڵ یاسا و پێویستی وڵات بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمی نیشتمانی، وەزارەتی بازرگانی گرنگی بە بەرهەمی نیشتمانی دەدات و کۆنتڕۆڵی هاوردەکردنەکان دەکات، ئەگەر پەیوەستی بە کەرتەکانی دیکەوە بێت، چ گومرگ بێت یان وەزارەتی دارایی ئەوا باشترە خۆیان قسەی لەسەر بکەن، ئێمە قسە لەسەر وەزارەتی بازرگانی دەکەین، کە بەرپرسە لە هاوردەکردن و پاڵپشتیکردنی بەرهەمی نیشتمانی، ئەم بڕیارەش بۆ پارێزگاری لە بەرهەمی خۆماڵییە، نەک رێگری لە بازرگانانی برامان لە هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: هۆکاری راگرتنی کاڵا بازرگانییەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە چییە؟
 
محەممەد حەنوون: بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ بازرگانی، لەسەر هەموو پارێزگاکانی عێراق جێبەجێ دەکرێت، لە نێویشیاندا پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەو بڕیارانەی دراون لە قەدەخەکردنی هاوردەکردن یان ناردنی لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە، تەنیا لە ژێر کۆمەڵێک بڕیاری دیاریکراون و سزای تووندیان بەدواوە نییە، بەڵام ئەگەر بڵێین بڕیارەکان لە هەندێک پارێزگادا جێبەجێ دەکرێت و لە هەندێکی دیکەدا ناکرێت، ئەوا دیارە کێشەیەک هەیە، لە هەرێمی کوردستاندا هاوئاهەنگی باڵا لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵی، وەزارەتی دارایی و پلاندانان هەیە، هەر کێشەیەک کە ژوورە بازرگانییەکانی هەولێر و دهۆک هەیانبێت، دەکرێت لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن و بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بێت. ئەگەر بڕیارێک لە ئەنجوومەنی وەزیران هەبێت بۆ رێگری لە هاوردەکردنی هەر کاڵایەک کە قەدەخەکراو بێت یان رێگری لێکرابێت لەپێناو پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی یاخوود، پێناسی گومرگی نەبێت، یان لە گومرگێکەوە هاوردەکرابێت کە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دانیپێدا نەنرابێت، ئەوا ئەو بابەتە پێویستی بە گفتوگۆی چڕ هەیە لەلایەن هەردوولاوە، بۆ ئەوەی بڕیارێک بدرێت، لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە کاڵایەک لە پارێزگایەکدا قەتیس بکرێت بەبێ ئەوەی بگاتە پارێزگاکانی دیکە، بەڵام بابەتەکە پێویستی بە گفتوگۆ هەیە لەلایەن برایانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، بۆ ئەوەی رێگەچارەیەک دابنرێت کە رێگە بە برا بازرگانەکانمان بدات کاڵاکانیان بنێرن، ئەگەر ئەنجامی ئەم گفتوگۆیانە رووبەڕووی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بووەوە، ئەوکات پێویستمان بە بڕیارێکی دیکەیە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ ئەو گرفتە.
 
رووداو: ئەرشەد ساڵحی دەڵێت، ئەمە تەنیا کێشەیەکی سیاسییە لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پرسی دەروازە سنوورییەکان بەتایبەتی.
 
محەممەد حەنوون: من نامەوێت لە بابەتی سیاسیدا قسە بکەم، من هەمیشە لە بواری جێبەجێکردن و حکومیدا قسە دەکەم، کە کار بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری و هەندێکجاریش بڕیارەکانی پەرلەمان دەکات، برا کوردەکانمان لە ئاستی پەرلەماندا بوونیان کاریگەری زۆرە، لە حکومەتیشدا کاریگەرییان زۆرە، بۆیە ناکۆکی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی نییە لە بابەتێکی دیاریکراودا، بەستنەوەی بابەتەکە بە سیاسەتەوە بەڕای من لە چوارچێوەی ئەو هەواڵانەیە کە پێش هەڵبژاردن دەدرێن، من پیاوێکی پیشەییم و دەزانم بڕیارەکان بۆ هەمووانە، پەیوەندی هەرێم و بەغداش زۆر بەهێزە و بێ کێشەیە، ئێمە ئەمڕۆ پێویستمان بە دوو حکومەتە کە هەرێم و بەغدا کە بەهێزبن و یەکگرتووبن، لە بەرژەوەندیی حکومەتدا نییە رێگری لە بازرگانانی هەرێمی کوردستان بکات، کاڵا بنێرنە پارێزگاکانی دیکە، لە بەرژەوەندیی بازرگانانیش نییە کە جۆرە کاڵایەک هاوردەبکەن قەدەخەکرابێت لەپێناو ئەوەی پاڵپشتی بەرهەمی نیشتمانی بکرێت، پڕۆسەکە تەواوکارییە و دەبێت تەواوکاری یەکدی بین، ئەگەر کێشەیەک هەبێت دەبێت بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە