رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا رایدەگەیێنێت، لە ئۆپەراسیۆنێکیان دا لە عێراق و سووریا، سەرکردەیەکی رێکخراوی داعشیان دەستگیر کردووە و دوو چەکداری دیکەیان کوشتووە.
رۆژی چوارشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2025، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی، ئۆپەراسیۆنەکەیان لە رۆژی 21 تاوە 27ـی ئایاری ئەنجامداوە و "بوونەتە هۆی تێکدان و لاوازکردنی توانای داعش بۆ خۆڕێکخستنەوە، پلاندانان، رێکخستن و ئەنجامدانی هێرش دژی هاووڵاتیانی سیڤیل و هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە ناوچەکە."
سوپای ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات، پشتیوانی لە شەش ئۆپەراسیۆنی سەربازی کردووە، پێنجیان لە عێراق و یەکێکی دیکەشیان لە سووریا و لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا دوو چەکداری داعشیان کوشتووە و دووانی دیکەشیان دەستگیر کردووە کە یەکێیان سەرکردەیە.
سوپای ئەمریکا بە دیاریکراوی ئاماژەی بە شوێنی کوشتن و دەستگیرکردنی ئەندام و سەرکردەکانی رێکخراوی داعش نەکردووە.
لە راگەیێندراوێکراوەکەی سێنتکۆمدا هاتووە: "ئۆپەراسیۆنی لەم شێوەیە جەخت لە پابەندبوونی سێنتکۆم، لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان، بۆ شکستی هەمیشەیی داعش لە ناوچەکە دەکاتەوە."
سێنتکۆم دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە لە باکووری وڵات ئەنجامدراون، کە شانەکانی داعش تێیدا چالاک ماونەتەوە و هێرشی پچڕپچڕ دژی سوپا و پۆلیسی عێراق ئەنجام دەدەن.
داعش لە ساڵی 2014 "خەلافەت"ـی راگەیاند، ئەوەش دوای داگیرکردنی بەشێکی خاکی عێراق و سووریا.
هێزە عێراقییەکان بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە کۆتایی ساڵی 2017 شکستیان بە داعش هێنا. گرووپەکە دوای دوو ساڵ دوایین ناوچەی ژێردەستی خۆی لە سووریا لەدەستدا.
ئەمریکا و عێراق لە کۆتایی مانگی ئەیلوول [ـی 2024] رایانگەیاند، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ماوەی ساڵێکدا کۆتایی بە ئەرکە سەربازییەکەی دەهێنێت کە ماوەی دەیەیەکە لە عێراق بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ