رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی 11 ساڵ، ئەمڕۆ یەکەم فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی عێراقییە، بەشێوەیەکی ئەزموونی لە فڕۆکەخانەی موسڵ نیشتەوە.
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوای نزیکەی 11 ساڵ یەکەم فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە بەشێوەیەکی ئەزموونی لە فڕۆکەخانەی موسڵ نیشتەوە، کە عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا و شاندی یاوەری لەگەڵیدا بوون.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتی، "بڕیارە 10 ئەم مانگە، فڕۆکەخانەکە بەشێوەیەکی ئەزموونی بکرێتەوەو دواتر کارەکانی دیکەی تەواو بکرێن. فڕۆکەخانەکە پێشتر نێوخۆیی بوو، دوای نۆژەنکردەوەی دەبێتە نێودەوڵەتی. بەگوێرەی نەخشەسازی نۆژەنکردنەوەکەی؛ ساڵانە 550 هەزار کەس دەتوانن لە رێگەیەوە گەشت بکەن."
دوێنێ چوارشەممە پارێزگای نەینەوا لە بەغدا بوو، بەشداری لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان کرد، کە بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک پرۆژەی نەینەوا دەنگیان لەسەر درا لە هەردوو قەزای تلکێف و حەمدانییە. رەزامەندی درا لەسەر دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نوێی نیشتەجێبوون لەو رووبەرەی زەوییەی، کە لە پرۆژەی عەین عێراق ماوەتەوە، لەگەڵ پرۆژەی کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی گەشتیاری لە ناوچەی قەرە کوز.
رۆژی شەممە، 31ـی ئایار، عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رۆژی 10ی حوزەیران بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ بەشێوەی ئەزموونی دەکرێتەوە."
بە ڤیدیۆ.. یەکەم فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە گەیشتە فڕۆکەخانەی موسڵ
— Rudaw (@Rudawkurdish) June 5, 2025
بڕیارە 10ـی ئەم مانگە بە فەرمی فڕۆکەخانەکە بکرێتەوە pic.twitter.com/dKhC9EOc4b
رۆژی 10ـی ئابى 2022، مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى ئەو کاتەى عێراق بەردى بناخەى نۆژەن و ئامادەکردنەوەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى موسڵى دانا، کە لە پرۆژەیاسای بودجەى 2021 بڕیارى نۆژەنکردنەوە و ئامادەکردنى درا و لەلایەن دوو کۆمپانیاى فەرەنسی و سعودیەوە جێبەجێ دەکرێت.
فڕۆکەخانەى موسڵ لە ساڵى 1920 دەست بە بنیاتنانی کراوە و رووبەرەکەى 1600 دۆنمە.
بودجەى ئەو پڕۆژەیە 200 ملیار دینارە و نیوەى لە پارەى بلۆککراوى پێشووى پارێزگاى نەینەوایە، لە سەردەمى شەڕى داعش و نیوەکەى دیکەى لە بودجەى یاسای پاڵپشتیى خێراى ئاسایشى خۆراک و پەرەپێدان دابین دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ