رووداو دیجیتاڵ
لە نانەواخانەیەکی سنووری بابل بوتڵێکی گاز تەقییەوە و بەهۆیەوە 30 کەس بریندار بوون، دۆخی بەشێکیان سەختە.
بوتڵێکی گاز لەنێو یەکێک لە نانەواخانە میللییەکان لە ناوچەی حەمزەی رۆژئاوا (حەمزەی غەربی) لە باشووری پارێزگای بابل، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە (4-6-2025) تەقی.
سەرچاوەیەکی پزیشکی لە پارێزگای بابل، ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی تەقینی ئەو بوتڵە 30 کەس بریندار بوون، کە تەندروستی نۆ کەسیان سەختە.
بریندارەکان کە زۆربەیان سووتاون، لە نەخۆشخانەی گشتیی عەلی عەبیس چارەسەر وەردەگرن.
دوای رووداوەکە، عەدنان فێحان، پارێزگاری بابل فەرمانی دا دەستبەجێ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکبهێنێت بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی رووداوەکە و لەماوەی 24 کاژێردا راپۆرتی ورد پێشکێش بکەن.
لیژنەکە هەر لە ئێوارەی دوێنێوە دەست بەکاربووە، چاوەڕوان دەکرێت ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە رابگەیێندرێت.
لە دوای تەقینەوەکە ئاگرکەوتووەتەوە، بەهۆیەوەی ژمارەی بریندارەکان زیاد بوون، بەتایبەتی ئەوانەی دۆخیان مەترسیدارە بەهۆی سووتانەوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ