وەزارەتی تەندروستیی عێراق: 107 حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمارکراون

05-06-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 107 حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون و 16 حاڵەتی گیان لەدەستدان بەو نەخۆشییە تۆمارکراون.
 
سەیف بەدر دەڵێت، "زۆرترین رێژەی تووشبوون لە پارێزگای زیقار بووە، کە 31 تووشبوون و حاڵەتێکی گیان لەدەستدانی تێدا تۆمارکراوە."
 
حاڵەتەکانی دیکە بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیەن:
 
رەسافەی بەغدا: 12 تووشبوون - 5 گیان لەدەستدان
واست: 12 تووشبوون - یەک مردن
موسەننا: 8 تووشبوون - یەک گیان لەدەستدان
میسان: 8 تووشبوون
نەینەوا: 6 تووشبوون
کەرکووک: 5 تووشبوون - 4 گیان لەدەستدان
بەسرە: 5 تووشبوون
دیالە: 5 تووشبوون- یەک گیان لەدەستدان
کەرخی بەغدا: 4 تووشبوون
دیوانیە: 3 تووشبوون
دهۆک: 2 تووشبوون- یەک گیان لەدەستدان
بابل: 2 تووشبوون – یەک گیان لەدەستدان
هەولێر: یەک تووشبوون
ئەنبار: یەک تووشبوون
کەربەلا: یەک تووشبوون
سلێمانی: یەک تووشبوون
لە سەلاحەدین و نەجەف هیچ تووشبوونێک تۆمار نەکراوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت، "هەموو دامەزراوە تەندروستییەکانمان لە پارێزگاکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە و هەرێمی کوردستاندا، توانایان هەیە بە زوویی نەخۆشییەکە ئاشکرابکەن و چارەسەری پێویست پێشکێشی هاووڵاتییان بکەن."
 
بە گوتەی سەیف بەدر، "زۆرینەی تووشبوو و مردووەکان بە تای خوێنبەربوون، گۆشتفرۆش، بەخێوکەرانی ئاژەڵان و کەسانی نزیک لەوان بوون. بەڵام ئەمە بە واتەی ئەوە نایەت کە کەسانی دیکە مەترسی تووشبوونیان لەسەر نییە."
 
سەیف بەدر گوتیشی، "بەبۆنەی جەژنی قوربان و قوربانی کردنی هاووڵاتییانەوە، پێشبینی بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون دەکەین، بۆیە هیوادارین هاووڵاتییان بەباشی ئاگاداربن و رێنماییەکان جێبەجێ بکەن."
 
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، هەندێکجار دەبێتە هۆى مردنى تووشبووەکە.
 
نیشانەکانی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە مرۆڤدا بەپێی پسپۆڕانی بوارەکە ئەمانەن: سەرئێشە و ئازاری مل و سک، سووربوونەوەی چاو و سەر شان و سنگ، سکچوون و رشانەوە کە خوێنبەربوونی لەگەڵ دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە