رووداو دیجیتاڵ
هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی هێناوەتە سەر هێڵ. وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تۆمەتی ئاژاوەگێڕی دەداتە پاڵ هەندێک گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی و حکومەتی عێراقیش دەڵێت، تۆمەتبارکردنی دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمیی عێراقی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە، کارێکە رەتکراوە و سەرکۆنەکراوە و بە هیچ بیانوویەک رێگەپێدراو نییە.
سێی ئەم مانگە، نزیکی کاژێر 10:00ی شەو، بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و دوای ئەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانی فڕۆکەخانەکە بەرپەرچی دایەوە، درۆنەکە لە ناوچەیەکی نزیک گەزنە کەوتە خوارەوە.
شەوی رابردوو، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد، هیچ بنکەیەکی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان نییە و ئەو هەواڵانەش راست نین گوایە بە درۆن هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی سەر بە ئیسرائیل لە سنووری پارێزگای هەولێر.
گوتەبێژی سوودانیش ئەمڕۆ لە وەڵامی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا گوتی، "داوا دەکەین ئەگەر بەڵگە هەیە، پێشکێشی لایەنە حکومییە فەرمییەکانی بکەن."
دوای راگەیێندراوەکەی گوتەبێژی سوودانی، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە وەڵامی دایەوە و دەڵێت، ئەو چاوەڕوانییەیان لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ هەیە كە لە كاتی بوونی هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان و ناوچەکانی دیکە رێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر، "بەڵام بەداخەوە هەست دەکەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن."
وەزارەتی ناوخۆ: هێرشەکان لەلایەن هەندێک گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی کراون
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئەوکاتی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چەند میدیایەکی ئەلیکترۆنیی فەرمی لە ئێران وا بڵاوکراوەتەوە، "گوایە شەوی رابردوو لە هەولێر بە درۆن هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی سەر بە ئیسرائیل."
وەزارەتی ناوخۆ هەموو ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "چەواشەکارین و دوورن لە راستی. نە بنکەی ئیسرائیلی لە کوردستان هەن و نە ئۆپەراسیۆنی واش ئەنجام دراون."
وەزارەتی ناوخۆ راشیگەیاند، "شەوی رابردوو درۆنێک لە ناوچەیەکی چۆڵەوانی لە نزیک هەولێر کەوتووەتەخوارەوە، ئەم هێرشانەش لەلایەن هەندێک گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە کراون، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی سنوورێک بۆ ئەم کارە تێکدەرانە دابنێن و رێکاری یاسایی بەرامبەر بە تاوانباران بگرنەبەر."
حکومەتی عێراق: تۆمەتبارکردنی دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمیی عێراقی کارێکی رەتکراوەیە
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ شەممە (5ی تەمموزی 2025) بڵاو کراوەتەوە، سەباح نوعمان، گوتەبێژی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند: "ئەوەی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمیی عێراقی، کارێکە رەتکراوە و سەرکۆنەکراوە و بە هیچ بیانوویەک رێگەپێدراو نییە."
گوتەبێژەکەی سوودانی دەڵێ: "داوا دەکەین ئەگەر بەڵگە هەیە، پێشکێشی لایەنە حکومییە فەرمییەکانی بکەن."
سەباح نوعمان ئاماژەی بەوەش کردووە، حکومەتی فیدراڵی هەرگیز لەسەر حیسابی ئاسایشی هاووڵاتییانی عێراق سازش ناکات و "دوودڵ نابێت لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر هەر لایەنێک کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری بدات."
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئاڵنگارییە هەنووکەیییەکان پێویستیان بە هاوئاهەنگی و هاوکارییە لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە، نەوەک "پەنابردن بۆ لێدوان و کەناڵەکانی راگەیاندن، چونکە ئەم کارە دەرفەت بە ناحەز و لایەنە دووژمنکارەکان دەدات بێ رێزی بە دامەزراوەکان بکەن و زیان سەقامگیریی عێراق بگەیەنن."
وەزارەتی ناوخۆ: جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە بە راگەیێندراوێک وەڵامی عێراقی دایەوە و رایگەیاندووە، "ئەو چاوەڕوانییە لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ هەیە كە لە كاتی بوونی هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان یان هەر ناوچەیەكی دیکەی عێراق، لەپێناو دەركەوتنی راستییەكان و رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی هەڕەشەكان و سزادانی بکەران، رێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر، بەڵام بەداخەوە هەست دەکەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن."
وەزارەتی ناوخۆ راشیگەیاندووە، "لە ساڵانی رابردوو كە بە دەیان جار هەرێمی کوردستان بەر پەلاماری درۆن و مووشەكەكان دەكەوت، هەرچەندە ئاراستە و سەرچاوەی مووشەك و درۆنەكانیش دیار بوون و چەندین جار بۆ دەرخستنی راستییەكان لیژنەی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێمی کوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ پێکهێنران، بەڵام دیسان بەداخەوە نە دەرئەنجامی لێكۆلینەوەكان بۆ رای گشتی ئاشكرا دەكران و نە لەسەر ئەو تاوانە ئاشكرا و كردەوە نایاساییانە كەس سزا دەدرا و هیچ رێوشوێنێكیش لەبەرانبەر هیچ لایەنێك نەگیرایەبەر. "
بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆ، لە بەرزترین ئاستی نێوان هەردوولا هاوئاهەنگی هەبووە و بەڵگەی روون و ئاشكراش لەبەر دەست بوون.
بەگوتەی وەزارەتەکە، كەشوهەوای سیاسی و بیروڕای سیاسیی لایەنەكان بەهەر بارێكدا بێت، پاراستنی ئاسایشی وڵات و رێگەگرتن لە بە ئامانجگرتنی ژیانی هاووڵاتییان و سەروەری و سەقامگیریی وڵات ئەركی لەپێشینەی دامودەزگە فەرمییەكانی هەردوو حكومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانە.
بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان خۆیان لە هێرشەکان بێبەری دەکەن
مەهدی کەعبی، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی لە بزووتنەوەی نوجەبا بە رووداوی گوت، "ئێمە وەک بزووتنەوەی نوجەبا، بە هیچ شێوەیەک بەشدار نین لەم هێرشانەی ئەم دواییانە کە بە مووشەک و درۆن دەکرێن."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سیاسیی نوجەبا دڵنیایی دا لەوەی "لێکتێگەیشتن لەنێوان حکومەت و بەرەی موقاوەمەی عێراقی هەیە بۆ بە ئارامی هێشتنەوەی دۆخەکە و، ئەنجامنەدانی هیچ جۆرە هێرش و جموجۆڵێکی سەربازی."
کەعبی گوتیشی، "راکێشانی پەنجەی تۆمەت بۆ ئێمە و گرووپەکانی دیکەی بەرەی موقاوەمە، تاڕادەیەک پەیوەندیی بە نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەوە هەیە. ئێمە دەزانین دۆخی ناوچەکە ناسەقامگیرە و بەرگەی هیچ ئاڵۆزییەکی دیکە ناگرێت."
لە لایەکی دیکەوە محەممەد بەیاتی، بەرپرسی رێکخراوی بەدر لە کەرکووک بە رووداوی گوت، "هیچکات حەشدی شەعبی و بەدر هەوڵ بۆ ئەنجامدانی هێرشی لەو شێوەیە نادەن، بەتایبەتی لەم ساتە هەستیارەدا. خۆمان بە خاوەن ماڵ دەزانین و خاوەن ماڵیش زیان لە ماڵی خۆی نادات."
ئەو بەرپرسەی رێکخراوی بەدر ئاماژەی بەوەش کرد، "هەڕەشەی داعش هێشتا ماوە، یەکێک لە ئەگەرە بەهێزەکان ئەوەیە پێدەچێت بکەرانی ئەو هێرشانە چەکدارانی داعش بن، چونکە ئەوان هێشتا جموجۆڵی سەربازییان ماوە."
بە بڕوای بەیاتی، دەزگا ئەمنییەکان بکەرانی ئەو هێرشانە دەدۆزنەوە و بە سزای یاساییان دەگەیێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ