وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق: 2025 یەکێک لە قورسترین ساڵەکانی وشکەساڵییە بۆ وڵاتمان

05-08-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق هۆشداری دەدات لەوەی ئەم ساڵ یەکێک دەبێت لە قورسترین ساڵەکان لەڕووی کەمئاوییەوە بۆ وڵاتەکە. دەشڵێت، ئاستی ئاوی بەنداوەکانی عێراق بۆ ئاستێکی مەترسیدار دابەزیوە. ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری و زۆنگاوەکان لە پەرلەمانیش دەڵێت، تورکیا پابەندی بەڵێنەکەی نەبووە و بەشە ئاوی عێراقی کەمکردووەتەوە.
 
سائیر جبووری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری و زۆنگاوەکان لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وڵاتەکە بە دۆخێکی "یەکجار مەترسیدار"دا تێدەپەڕێت لەڕووی وشکەساڵی و کەمئاوییەوە.
 
سائیر جبووری، کە پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسایە، هۆکاری بەشێکی بێئاوییەکە بۆ تورکیا دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، "پابەندی بەردانەوەی بەشە ئاوی عێراق نەبووە، لە بڕیاری بەردانەوەی ئاوی زیاتر بۆ عێراق پەشیمان بووەتەوە، زیادکردنی ئاوەکە چەند رۆژێک بووە و دواتر گەڕاوەتەوە سەر هەمان دۆخی پێشوو."
 
1ی تەممووزی 2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. ئەوکات نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، دوای گەیاندنی زانیاری لەبارەی کاریگەرییەکانی کەمئاوی لە عێراق، تورکیا بڕیاری دا 420 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا لە ئاوی رووباری دیجلە بەربداتەوە.
 
عەون زیاب عەبدوڵڵا، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، "ساڵی 2025 بەهۆی بەردەوامیی کەمبوونەوەی ئاوی هاتوو لە وڵاتانی دراوسێوە، بەتایبەتی تورکیا؛ یەکێک لە قورسترین ساڵەکان دەبێت کە بەسەر عێراقدا تێدەپەڕێت."
 
وەزیری ئاو ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا ئێستا لەسەر رووباری فورات چەند بەنداوێک بەکاردەخات بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی هاتوو بۆ خاکی سووریا و عێراق.
 
بە قسەی وەزیرەکە، بڕی ئاوی بەردراوە لە تورکیاوە بۆ سنووری سووریا ئێستا نزیکەی 350 مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا، بەڵام ئەو بڕەی بە کردەیی دەگاتە بەنداوی حەدیسە لە عێراق، بۆ کەمتر لە 200 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، کەم دەبێتەوە.
 
سەبارەت بە رووباری دیجلە، عەون زیاب گوتی، "بڕی ئاوی بەردراوە لە تورکیاوە نزیکەی 200 مەتر سێجایە، لەگەڵ 150 مەتر سێجا لە بەنداوی موسڵەوە دێتە سەری، بەمەش کۆی گشتیی ئاو لە حەوزی دیجلەدا دەگاتە نزیکەی 350 مەتر سێجایە."
 
دابەزینی خەزێنەی ئاوی بەنداوەکان 
 
عەون زیاب دۆخی بەنداوەکانی عێراقیشی خستەڕوو و رایگەیاند، "گەنجینەی ئاو لە بەنداو و کۆگا گەورەکانی وەکو موسڵ، دەربەندیخان، دووکان، سەرسار، حەدیسە و حەمرین، بۆ کەمتر لە 8 ملیار مەتر سێجا دابەزیوە، کە بەراورد بە پێویستیی کشتوکاڵ و دانیشتووانی وڵات، بڕێکی زۆر کەمە."
 
وەزیری سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت، ژمارەیەک شارەزا لە بواری ئاودا پێیانوایە عێراق رووبەڕووی خراپترین وەرزی وشکەساڵی بووەتەوە لە ماوەی نزیکەی 100 ساڵی رابردوودا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە