جارێکی دیکە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق هەڵوەشایەوە

05-08-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و بڕیاربوو دەنگ لەسەر پێنج پرۆژەیاسا بدرێت و خوێندنەوەش بۆ پێنج پرۆژەیاسای دیکە بکرێت، بەڵام فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمان دەڵێت، بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران دانیشتنەکە هەڵگیراوە.
 
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "من واژۆی ئامادەبوونم کرد و نەچوومە دانیشتنەکەوە، بەڵام زانیاریمان پێگەیشت کە بەهۆی دەمەقاڵێیەک لە نێوان سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتارێک، دانیشتنەکە هەڵوەشاوەتەوە."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هەریەک لە فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشدارییان لە کۆبوونەوەکە نەکردووە.
 
بەڵام فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتارەکان، دانیشتنەکە هەڵوەشاوەتەوە.
 
ئەمە لە کاتێکدا، لە سەرەتای دانیشتنەکە 169 پەرلەمانتار ئامادە بوون و توانرا دەنگ بە دیاریکردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەت و سەرۆکی ئەنجوومەنی راژە بدرێت، هەروەها دەنگیش درا بە زیادکردنی بڕگەی هەمواری یاسای وەزارەتی پەروەردە بۆ دانیشتنەکەی پەرلەمان.
 
پەرلەمانتار یاسر حوسێنی بە رووداوی گوت، "سەرەڕای بوونی رێژەی یاسایی، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان لەکاتی دەنگدان لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای وەزارەتی پەروەردە دانیشتنەکەی بەجێهێشت."
 
پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە بەرنامەی کاری ئەمڕۆی پەرلەماندا نەبوو، بەڵام بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، 50 پەرلەمانتار دەتوانن واژۆ کۆبکەنەوە بۆ زیادکردنی هەر بڕگەیەک؛ دواتر سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەیخاتە دەنگدانەوە و ئەگەر دەنگی پێویستی هێنا، ئەو بڕگەیە زیاد دەکرێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو،  لە دانیشتنەکەدا واژۆ بۆ زیادکردنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە دانیشتنەکەی پەرلەمان کۆکراوەتەوە، بەڵام بێ ئەنجام بووە.
 
ئەو پێنج پرۆژەیاسایەی بۆ دەنگدان لە بەرنامەی کاری پەرلەمان بوون بریتین لە: پێشنیازەیاسای هەمواری یەکەمی بنەماکانی هاوسەنگکردنی بڕوانامە و پلەی زانستیی عەرەبی و بیانی، پرۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتنی هاندان و پاراستنی دوولایەنەی وەبەرهێنان لەنێوان عێراق و سعودیە، پرۆژەیاسای رێکخستنی وزەی نوێبووەوە، پێشنیازەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای دەستەی نیشتمانیی چاودێریی ئەتۆمی و تیشکی و کیمیایی و بایۆلۆژی و پرۆژەیاسای تەندروستیی دەروونی.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پارەی دیناری عێراقی

بەڵێندەرانی عێراق: 30 تریلیۆن دینارمان لای حکومەتە

پاساوی کەمی نەختینە کێشەی لەنێوان بەڵێندەران و وەزارەتی دارایی عێراق دروست کردووە و بەهۆیەوە خۆپێشاندان دەکەن؛ بەگوێرەی یەکێتیی بەڵێندەرانی عێراق، حکومەت 30 تریلیۆن دیناریان قەرزدارە.