رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای رەتکردنەوەی لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، لیوای ئەنسار مەرجەعییە دووپاتیکردەوە، بارەگاکەیان لە ناوچەی تاجی لە باکووری بەغدا، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانکراوە.
لیوای ئەنسار مەرجەعییە ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی ئابی 2025 رایگەیاند، "لە کاتێکدا داوامان لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کرد لیژنەیەکی تایبەت بۆ ئاشکراکردنی راستییەکان و خستنەڕووی بۆ خەڵک پێکبهێنێت، بە راگەیێندراوێکی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا تووشی سەرسوڕمان بووین، کە رووداوەکەی رەتکردەوە، وەکو ئەوەی رووداوەکە لەسەر مەریخ روویدابێت."
لیوای ئەنسار مەرجەعییەت دەڵێت، "پێویست بوو پێش دەرکردنی راگەیێندراوەکەی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا لەوێ ئامادەبووایە و رووداوەکەی ببینیایە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئێمە لە روانگەی پەرۆشیمان بۆ یاسا و جێبەجێکردنی، داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەت لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەکەین، کە نەکەوێتە ژێر کاریگەریی هەڕەشەی چەک و راگەیێندراوی بریقەدار، لە پێناو ئاشکراکردنی رووداوەکە و دەرخستنی ئەو لایەنانەی کە بەرژەوەندییان لە بەئامانجگرتنی موجاهیدەکانی لیوای ئەنسار مەرجەعییە هەیە."
لیواکە داوا دەکات، ئەنجوومەنێکی لێکۆڵینەوە لەبارەی راگەیێندراوی رەتکردنەوەی رووداوەکە لەلایەن فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا پێبکهێندرێت، داوای ئەوەشی کردووە، ئەو لایەنانەش ئاشکرا بکرێن کە کاریگەرییان لەسەر فەرماندەییەکە هەبووە بۆ دەرکردنی راگەیێندراوەکە.
پێشتر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا رایگەیاندبوو، "هەندێک لە پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئاژانسە هەواڵییەکان هەواڵێکیان بڵاوکردووەتەوە، کە گوایە یەکێک لە بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە بەغدا لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆردوومانکراوە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا دەڵێت، "ئەم هەواڵە لە راستییەوە دوورە و هیچ بنەمایەکی نییە، ئەوەی لەوبارەیەوە بڵاودەکرێتەوە تەنیا دەنگۆیە."
لیوا ئەنسار مەرجەعییە، ئەو گرووپە چەکدارانەن کە دوای 2014 و هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەکانی عێراق، لەسەر فەتوای "کیفایە"ی عەلی سیستانی دروستبوون. ئەو گرووپە لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی داعش وازیان لە جموجۆڵی سەربازی هێنا و بەشێکیشیان چەکیان داناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ