تۆمەتبارێکی "دزى سەدە": رێگە بدەن بچمە ئوردن پارەکان دەگەڕێنمەوە

05-09-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یەکێک لە تۆمەتبارانى دۆسیەى "دزى سەدە" لە عێراق، داوا لە دادگە دەکات قەدەخەى هاتووچۆ و دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵەکانى لابدەن بۆ ئەوەى موڵکەکانى لە وڵاتى ئوردن بفرۆشێت و ئەو بڕە پارەیەى لە ئەستۆیدا بیگەڕێنێتەوە. دەشڵێت: "زیادبونى نائاسایی موڵک و ماڵەکەم بە 1460 دینار هەژمار کراوە بەرامبەر بە دۆلارێک، نەک نرخى فەرمى کە زیادەى ناڕاستى لێکەوتووەتەوە".
 
بەگوێرەى داوایەک کە لە 23ى ئابى 2023، هەیسەم جبوورى، راوێژکارى ئابوورى سەرۆکوەزیرانى پێشووى عێراق ئاڕاسەى دادگەى کردووە، ئاماژەى بەوەداوە کە بڕى چوار ملیار دینارى لەو پارامتەیەى رادەستى فەرمانگەى گەڕاندنەوەى دەستەى دەستپاکى کردووە کە لەلاى بووە، ئەوە جگە لە رادەستکردنى چەکێکى بانکى بەبڕى پێنج ملیار دینار وەک کەفالەتى ئازادکردنى.
 
هەیسەم جبوورى یەکێکە لەو کەسانەى لەلایەن دەستەى دەستپاکییەوە تۆمەتبار کراوە بەوەى رۆڵى لە "دزى سەدە" هەبووە کە بردنى 3.7 تریلیۆن دینار بووە لە بانکى رافیدەین، داوایکردووە کە ماوەى شەش مانگى وەک دەرفەت پێبدرێت بۆ گەڕاندنەوەى ئەوپارەیەى کە لە ئەستۆیدایە، کە هەر دوو مانگ جارێک گوژمەیەک پارە رادەست دەکات، ئەوەش لەدواى هەڵگرتنى بڕیارى دەستبەسەرداگرتنى پارە و موڵکەکانى لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارى قەدەخەى گەشتکردن تاوەکو بتوانێت بچێتە وڵاتى ئوردن و ئەو موڵکەى لەو وڵات هەیەتى بیفرۆشێت بۆ ئەوەى ئەو پارانە بداتەوە.
 
5ى ئەیلوولى 2023، کەریم شوکر، جێگرى سەرۆکى لیژنەى دەستپاکى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، پرسی رێگەپێدان بە گەڕاندنەوەى ئەوپارانە و ئازادکردنى بە کەفالەت، پێوستى بە بڕیارى دادگەیە و دەستەى دەستپاکى ناتوانێت ئەو بڕیارە بدات.
 
هەیسەم جبوورى بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە ئەو کاتەى لە خولى  پێشووى پەرلەمانى عێراق سەرۆکى لیژنەى دارایی بووە، نووسراوێکى بۆ حکومەت ناردووە و داوایکردووە کە هەندێک رێوشوێن هەڵبگیرێت بۆ گەڕاندنەوەى بارمتەى دارایی کۆمپانیاکان لەلاى حکومەت و ئەوەش بەیەکێک لە هۆکارەکانى روودانى "دزى سەدە" دەزانرێت.
 
ئەو راوێژکارەى پێشووى حکومەتى مستەفا کازمى لە داواکارییەکەدا ئاشکرایکردووە، ئەو بڕە پارەیەى لەسەرى هەژمار کراوە، وەک پارەى رێگەپێدراو لە ئاشکراکردنى داهاتەکەى، یەک ملیۆن و 250 هەزار دۆلارە کە دەکاتە دوو ملیار و 800 ملیۆن دینار، کە بە بەهاى 1460 دینار  بۆ هەر دۆلارێک هەژمار کراوە، لەکاتێکدا نرخى فەرمى دۆلار لە بانکى ناوەندى 1320 دینارە، بە جیاوازى ئەو دوو بەها فەرمى و نافەرمیەى دۆلار، زیادەکەى یەک ملیار و 150  ملیۆن دینارە و ئەوەى بە "زیادەى ناڕاست" ناوبردووە.
 
جێگرى سەرۆکى لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانى عێراق ئاشکرایکرد، بۆ چارەسەرى کێشەى گەڕاندنەوەى ئەو جۆرە پارانەى پەیوەندارن بە دۆسیەى گەندەڵى، پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى پارەى دەوڵەت لە لیژنەکەیانە کە ئەو جۆرە گەڕاندنەوانەى پارە یەکلا دەکاتەوە .
 
لە 20ى تشرینى دووەمى 2022، دەستەى باڵاى بنەبڕکردنى گەندەڵى عێراق، فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ هەیسەم جبوورى دەرکرد بە تۆمەتى زیادبوونى نائاسایی موڵکوماڵەکەى، بە سوود بینین لە موڵکوماڵى گشتى.
 
"دزى سەدە" بردنى زیاتر لە 3.7 تریلیۆن دینار بوو لە هەژمارى سپاردەى دارایی بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى باج لە عێراق لە بانکى رافیدەین، لە رێگەى پێنج کۆمپانیاوە لەنێوان ئابى 2021 و ئەیلوولى 2022.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە