هۆشیار زێباری: حکومەتی عێراق بوێریی نییە بکەرانی هێرشە درۆنییەکان ئاشکرا بکات

05-09-2025
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە مانگی تەممووزدا، گرووپە چەکدارەکان لەنێو خاکی عێراقەوە 38 هێرشیان بە درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە کردووەتە سەر کێڵگە نەوتییەکان و دامەزراوەکانی ژێرخانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان.
 
هۆشیار زێباری، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "حکومەتی عێراق وەکو هەمیشە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ دەرخستنی راستییەکان پێکهێنا؛ راپۆرتەکە دەرچوو و دانی بە هێرشەکاندا نا، بەڵام بوێری ئەوەیان نەکرد ناوی بکەران ئاشکرا بکەن."
 
بەشێک لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی زنجیرەیەک هێرشی درۆنییەوە لە کۆتاییەکانی مانگی تەممووز، زیانیان بەرکەوت. بە گوتەی عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشەکانەوە، هەرێمی کوردستان 200 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی لەدەستدا.
 
رۆژی 28ی تەممووزی 2025، لەبارەی هێرشە درۆنییەکانەوە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لیژنەیەکی هاوبەش بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشانە پێکهێنراوە و راسپاردەکانیان پێشکێشی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەکەن."
 
شەوی چوارشەممەش لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا، قاسم ئەعرەجی رایگەیاند، "بکەرانی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا کراون و ئەو هێرشانە دووبارە نابنەوە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە