رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق سزای پێبژاردنی 59 به‌ربژێری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ده‌دات که بڕی پاره‌ی سزاکان 124 ملیۆن دیناره، ئه‌وه‌ش به‌هۆی پێشێلکردنی رێکارەکانی بانگه‌شه‌وه.
ئه‌و بڕیاری سزادانانه ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه 5ی تشرینی یه‌که‌می 2025 له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی کۆمیسیارانه‌وه په‌سند کرا.
57 له‌و به‌ربژێرانه هەریەکەیان به بڕی 2 ملیۆن دینار سزای پێبژاردن دراون که تایبه‌ته به هه‌ڵواسینی پۆسته‌ری بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌و شوێنانه‌ی به‌گوێره‌ی رێکارەکانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن رێگه‌پێدراو نین.
به‌گوێره‌ی بڕیاره‌کە، ئه‌گه‌ر ئه‌و پێشێلکارییه چاره‌سه‌ر نه‌که‌ن و پۆسته‌ره‌کانیان له‌و شوێنانه لانەدەن، سزای پێبژاردنه‌که‌یان بۆ ده‌کرێته دوو هێندە.
دوو به‌ربژێری دیکه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق هەریەکەیان به 5 ملیۆن دینار به هه‌مان پاساوی سزادانی 57 به‌ربژێره‌که‌ی دیکه سزا دراون.
پاره‌ی تێکڕای ئه‌و سزای پێبژاردنه ده‌کاته 124 ملیۆن دینار که له‌و بڕه پاره‌یه ده‌بڕدرێ که وه‌ک سپارده له کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان لێیان وه‌رگیراوه.
لیستی پارتە سیاسییەکان 10 ملیۆن و هاوپەیمانێتییەکان 25 ملیۆن و بەربژێرەکان 5 ملیۆن دیناریان وەک سپاردە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە لێوه‌رده‌گیرێ.
زۆرینه‌ی ئه‌و به‌ربژێرانه‌ی سزادراون سه‌ر به هاوپه‌یمانیی ئاوه‌دانکردنه‌وه و گەشەپێدانن که 12 به‌ربژێرن. ئه‌و لیسته له‌لایه‌ن محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆکوه‌زیرانى عێراقەوە سه‌رۆکایه‌تی ده‌کرێت. لیستى سادیقوون به پله‌ی دووه‌م دێت به 9 به‌ربژێری سزادراو. ئه‌و لیسته باڵی سیاسی عەسائیبی ئەهلی حەقـه کە قەیس خەزعەلى سەرۆکایەتى دەکات.
3ـی تشرینی یه‌که‌مى 2025 بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ستی پێ‌کرد و تاوه‌کو 8ـی تشرینی دووه‌م به‌رده‌وام ده‌بێت.
هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له 11ـی تشرینی دووه‌می ئه‌م ساڵ ده‌کرێت. کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان ناوی 7768 به‌ربژێری په‌سند کردووه بۆ ئه‌وه‌ی له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا رکابه‌ری بکه‌ن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ