رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، بڕیاری پێدانی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی بە بەساڵاچووان راگەیاند.
حەسەن خەوام، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "380 هەزار بەساڵاچوو لە خانەکانی بەساڵاچووان لە هەموو پارێزگاکانی عێراق، مانگانە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان پێدەدرێت، ئەم بڕیارەش هەموو پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە."
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، مووچەکە زیاتر لە 125 هەزار دینارە، هەروەها دابینکردنی خانەی تایبەت بۆ ئەو بەساڵاچووانەی شوێنی مانەوەیان نییە بە هەموو خزمەتگوزارییەکانییەوە، لەگەڵ دابینکردنی بیمەی تەندروستی بۆیان.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، کە لە شوباتی 2024 بڵاوکراونەتەوە، ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتووەتە 46 ملیۆن و 118 هەزار کەس. لەم ژمارەیە، بەساڵاچووان (65 ساڵ و سەرووتر) تەنیا 3.66% پێکدەهێنن، واتە نزیکەی ملیۆنێک و 700 هەزار کەس.
بەپێی یاسای خانەکانی بەساڵاچووانی عێراق ژمارە (4) بۆ ساڵی 1985، ئامانجی ئەم خانانە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی، تەندروستی، دەروونی، رۆشنبیری و کات بەسەربردنە بۆ سوودمەندبووان، هەروەها یارمەتیدانیانە بۆ تێپەڕاندنی کاریگەرییەکانی کەمئەندامی و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان. یاساکە تەنانەت وردەکارییەکی زۆری لەسەر پێداویستییەکانی رۆژانە دیاریکردووە وەک جلوبەرگ، کەرەستەی پاکوخاوێنی و تەنانەت میوەش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ