رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى دادى عێراق رەتیدەکاتەوە دەنگدان لەسەر هەموارى یاسای لێبووردنى گشتى دواخرابێت بۆ دواى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان. ئەندامێکى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق دەڵێت، پڕۆژەکە نێردراوە بۆ سەرۆکایەتى پەرلەمان و ئەگەر تاوەکو 9ـی ئەم مانگە دەنگى لەسەر نەدرێت، ئەو بابەتە دەکەوێتە دواى پشووى پەرلەمان.
5ـی تشرینى دووەمى 2023، وەزارەتى دادى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئەو دەنگۆیانەى رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای هەموارى یاسای لێبووردنى گشتى دوادەخرێت بۆ دواى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان کە لە 18ـی کانوونى یەکەمى ئەم ساڵ دەکرێت.
وەزارەتى دادى عێراق ئاماژەى بەوەداوە، پڕۆژەیاساکە لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانەوە دەنگى لەسەردراوە، وەک ئەوەى لە کارنامەى حکومەتدا هاتووە و نێرداوە بۆ پەرلەمان.
هەموارى پڕۆژەیاسای لێبووردنى گشتى یەک مادەیە. بەگوێرەى هەموارەکە، یاساکە تەنیا ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە ناویان لە تۆماری "رێکخراوی تیرۆریستییەکان"ـدا هەیە یان بەڵگە هەیە دەیسەلمێنێت کە هاوکارییان کردوون.
5ـی تشرینى دووەمى 2023، دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، پڕۆژە یاساى لێبووردنى گشتى لە لیژنەکەیان تاوتوێکراوە و بۆچوونى خۆیان لەسەر داوە. ئەوان لەگەڵیدان و زیاتر لە مانگێکیشە نێردراوە بۆ سەرۆکایەتیى پەرلەمان."
دارا سێکانیانى گوتیشی، "ئەو پڕۆژەیاسایە لە دواى ئەوەى دەخرێتە بەرنامەى کارەوە خوێندنەوەى یەکەمى بۆ دەکرێت و لە خوێندنەوەى دووەمدا گفتوگۆى لەسەر دەکرێت، بەر لەوەى بخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام 9ـی تشرینى دووەمدا وەرزى یاسادانانى دووەمى ئەم ساڵ کۆتایی دێت و پشوو دەستپێدەکات، ئەگەر تەمەنى ئەم وەرزە درێژ نەکرێتەوە."
لە 9ـی ئایارى 2023ـدا سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق بڕیاریدا وەرزى یەکەمى یاسادانان درێژ بکاتەوە، تاوەکو پەسندکردنى یاساى بودجە، کە لە 12ـی حوزەیران پەسند کرا و دواتر ئەو وەرزەى یاسادانان کۆتاییهات و لە 9ـى تەممووزدا وەرزى یاسادانانى دووەم دەستیپێکردەوە.
ئەگەر ئەم وەرزى یاسادانانە درێژ نەکرێتەوە، دانیشتنەکانى پەرلەمانى عێراق لە 9ـى کانوونى دووەمى 2024 دەستپێدەکەنەوە.
یاسایى لێبووردنى گشتى ساڵى 2016 دەرکراوە و لە 16 مادە پێکهاتووە، تایبەتە بە ئازادکردنى کەسانێک لە زیندان بە مەرجێک تاوانی گەورەیان نەکردبێت.
لە کارنامەى حکومەتەکەى محەممەد شیاع سوودانى کە لە 28ـی تشرینى یەکەم لە پەرلەمان دەنگی پێدرا، ئاماژە بەوەدراوە، پێداچوونەوە بە یاساى لێبووردنى گشتى دەکرێت، بەشێوەیەک پێداچوونەوەکە پێناسەى تاوانى پەیوەست بوون بە "گرووپە تیرۆریستییەکان" بگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ