رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانان و کەمکردنەوەی پشووی پەرلەمانی عێراق دەکات.
ئێوارەی دووشەممە 04-11-2024 چوارچێوەی هاوئاهەنگی "شیعەکان" لە شاری بەغدا لە ماڵی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، دۆخی سیاسیی ناوچەکە و ئەو یاسایانەی جێگەی ناکۆکین لەنێو پەرلەماندا تاوتوێ کراون.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای کرد، وەرزی یاسادانان درێژبکرێتەوە و پشووی پەرلەمانی عێراق کەم بکرێتەوە، بە شێوەیەک کە گونجاو بێت لەگەڵ پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و شایستە گرنگەکان.
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیارە 9ی ئەم مانگە پشووی پەرلەمان دەستپێبکات؛ بەڵام ئەگەر لایەنەکان رێکبکەون دەکرێت مانگێکی دیکە درێژ بکرێتەوە. ئەو پرۆژەیاسایانەی گرنگن تێپەڕێندرێن، بەتایبەتی ئەو سێ پرۆژەیاسا کە کورد و سوننە و شیعەکان داوای دەکەن.
سێ پڕۆژەیاساکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیان بۆ کراوە و تەنیا دەنگدان لەسەریان ماوە؛ چەند جارێک خراونەتە بەرنامەی کار، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکانەوە دواخراون.
پرۆژەکان بریتین لە: پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى ئەو خانوو و زەوییانە بۆ خاوەنەکانیان کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیراوە. کورد و تورکمان داوای دەکەن. پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای باری کەسی، کە داواکاریی سەرەکیی شیعەکانە. هەروەها پرۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبووردنی گشتی، کە داواکاریی سوننەکانە.
بەگوێرەی بڕگەی دووەمی ماددە 58ی دەستووری عێراق، وەرزى ياسادانانى خولێكى پەرلەمان درێژ دەكرێتەوە، بە مەرجێك لە 30 رۆژ زياتر نەبێت، بۆ تەواوكردنى ئەركە پێويستەكان، ئەوەش لەسەر داواى سەرۆككۆمار، يان سەرۆكوەزيران، ياخود سەرۆكى پەرلەمان، ياخود 50 پەرلەمانتار. دەبێت پەرلەمان دەنگ لەسەر درێژکردنەوەی بدات.
بەگوێرەی بڕگەی یەکەم لە مادەی 22ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمان لە دوو وەرزی یاسادانان پێکدێت، کە هەشت مانگە. هەر ساڵێک یەکەمیان لە یەکی ئادار دەستپێدەکات و لە 30ی حوزەیران کۆتایی دێت. وەرزی دووەمیان لە یەکی ئەیلوول دەستپێدەکات و لە 31ی کانوونی یەکەم کۆتایی دێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ