رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، تاوتوێی سوودی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی موسڵ بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت، بۆ گەشتە دەرەکییەکانیش گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەک دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 05-11-2025 مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سبەی پێنجشەممە، فڕۆکەخانەی موسڵ دەکرێتەوە و گەشتی نێوخۆیی لێیەوە دەستپێدەکات."
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، هێڵی ئاسمانیی عێراق پابەندە بە دەستپێکردنەوەی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەکەوە بۆ فڕۆکەخانەکانی دیکەی عێراق و هەر گەشتێکیش خواستی لەسەر بێت، رێکدەخرێت.
مەیسەم سافی دەڵێت، دوای بەگەڕخستنی گەشتە نێوخۆییەکان "گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەک دەکرێت بۆ بەگەڕخستنی گەشتی نێودەوڵەتیی فڕۆکەخانەکە، گەشتی نێودەوڵەتیی چوون و هاتن رێکدەخرێن."
لە ساڵی 2017 و لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لەژێر دەستی رێکخراوی داعش، فڕۆکەخانەکە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە وێران کرا.
لە رێککەوتی 10ی ئابی 2022 مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق بەردی بناخەی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەکەی دانا، دواتر فڕۆکەخانەکە رۆژی 16ی تەممووزی 2025 لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کرایەوە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ لە پارێزگای نەینەوا نزیکەی 5 کیلۆمەتر لە سەنتەری شارەکەوە دوورە، مێژووی دروستکردنی بۆ ساڵی 1920 دەگەڕێتەوە، کاتێک لەلایەن هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیاوە دروستکرا، دواتر لە ساڵی 1922 فڕۆکەخانەکە لە سەربازییەوە بۆ مەدەنی گۆڕدرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ