رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی رێوڕەسمی واژۆکردنی گرێبەستی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدای کرد کە لەلایەن کۆمپانیای (CAAP)ـەوە جێبەجێ دەکرێ.
بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی (IFC) بۆ دوو ساڵ کاری لەسەر ئامادەکردنی گرێبەستەکە کردووە. پڕۆژەکە بە هاوبەشیی کەرتی گشتی و تایبەت جێبەجێ دەکرێ.
پەرەپێدانەکە لە قۆناخی یەکەمدا دروستکردنی هۆڵێکی نوێی گەشتیار لەخۆدەگرێ بە توانای پێشوازی لە 9 ملیۆن گەشتیار لە ساڵێکدا کە دواتر بۆ 15 ملیۆن گەشتیار بەرز دەکرێتەوە؛ هەروەها نۆژەنکردنەوەی رێڕەوی فڕینی فڕۆکە، دانانی پردی سەرخستنی گەشتیار و نۆژەنکردنەوەی سیستمی خزمەتگوزارییەکان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لەخۆدەگرێ.
بەپێی گرێبەستەکە، راهێنان بە کارمەندە عێراقییەکان دەکرێ و لەگەڵ زیادبوونی هەر 1 ملیۆن گەشتیار، 1000 هەلی کاری نوێ دەڕەخسێندرێ.
دروستکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە کۆتایی شەستەکاندا دەستیپێکرد و دوای قۆناخی درێژی پەرەپێدان، لە کانوونی دووەمی 1982 کرایەوە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەکەوێتە رۆژئاوای بەغدا، بە دووریی نزیکەی 16 کیلۆمەتر لە شارەکەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ