نزیکەی یەک ملیۆن کارتی نوێی دەنگدان وەرنەگیراونەتەوە

05-11-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە کۆی 3.5 ملیۆن کارتی نوێی دەنگدان، زیاتر لە 996 هەزاریان لە عێراق و هەرێمى کوردستان وەرنەگیراونەتەوە. پارێزگای دهۆک لە پلەی یەکەمە لە وەرگرتنەوەی زۆرترین کارت کە 87.9%ی تێپەڕاندووە.
 
بە گوێرەی ئاماری نوێی وەرگرتنەوەی کارتی نوێی دەنگدان کە دەست رووداو کەوتووە، تاوەکو ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2025، لە کۆی سێ ملیۆن و 583 هەزار و 766 کارتى نوێى دەنگدان، دوو ملیۆن و 587 هەزار و 16 کارت لەلایەن خاوەنەکانیانەوە وەرگیراونەتەوە کە دەکاتە 72.2%ی هەموو کارتەکان.
 
ئەو کارتە نوێیانە ئەوانە دەگرێتەوە کە بۆ یەکەمجارە خاوەنەکانیان دەتوانن دەنگ بدەن، کە پێکهاتوون لەوانەی یەکەمجارە تەمەنیان گەیشتووەتە ئاستی دەنگدان، لەگەڵ ئەوانەی پێشتر مافى دەنگدانیان هەبووە و یەکەمجارە کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان دەرهێنابێت.
 
تاوەکو ئێستا 996 هەزار و 750 کارتی دەنگدانی نوێ لەلایەن خاوەنەکانیانەوە وەرنەگیراونەتەوە، لە کاتێکدا شەش رۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 ئەنجام دەدرێت.
 
دهۆک لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق لە پلەی یەکەمی زۆرترین رێژەی وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدانە کە 80 هەزار و 659 کارت دابەش کراون کە 87.9%ی کارتە نوێیەکانی ئەو پارێزگایەیە.
 
رێژەی دابەشکردنەوەی کارتی نوێی دەنگدان لە هەولێر 83% و لە سلێمانی 73.9% و لە کەرکووک 81.5% بووە.
 
بەگوێرەی رێکارەکانی کۆمیسیۆن، دابەشکردنی کارتی دەنگدان تاوەکو رۆژی دەنگدانی گشتی بەردەوام دەبێت. کەمترین رێژەی وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان لە نەجەف بووە کە 51.5% بووە، رێژەکە لە بەغدا 66.7% بووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە