رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی لایەنە سوننەکان لە یەکەم کۆبوونەوەیدا لەسەر دیدگەیان بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت رێککەوتن و بڕیارە لەگەڵ هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گفتوگۆی لەبارەوە بکەن.
یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان لە ماڵی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنەکە، لەسەر پەڕەی دیدگەیان رێککەوتوون کە پەیوەندیدارە بە کارنامەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناخی داهاتوو.
عەزام حەمدانی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو پەڕەیە تایبەتە بە پشک و ماف و دیدگەی سوننە لە حکومەتی داهاتووی عێراق. ئەو پەڕەیە لەگەڵ هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی تاوتوێ دەکرێت."
ئەو ئەنجوومەنە لە 23ی تشرینی دووەم پێکهێنرا، یەکەم کۆبوونەوەشیان شەوی پێنجشەممە بوو. پارتەکانی تەقەدووم و جەماوەری نیشتمانی، هاوپەیمانێتییەکانی سەروەری، عەزم و حەسم تێیدا ئەندامن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەیان، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیاندا باسیان لە گرنگیی پەلەکردن کردووە لە پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمان.
ئەو پێنج لایەنە سوننەیە لە هەڵبژاردنی 11ـی تشرینی دووەمی 2025 زیاتر لە 70 کورسیی پەرلەمانی عێراقیان بەدەستهێنا.
ئەندامانی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننە رێککەوتن کە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بکەن بۆ رێککەوتن لەسەر مافە دەستوورییەکان و پێکهێنانی حکومەت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ