رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری بەرگریی تورکیا، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رایگەیاند، ویستێکی راستەقینە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئەمنی نێوان عێراق و تورکیا هەیە.
رۆژی سێشەممە 6ی شوباتی 2024، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە بەغدا لەگەڵ یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا و شاندی یاوەری کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، لە دیدارەکەدا دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات باسیان لێوەکراوە. هەروەها جەخت لەسەر بەردەوامیی هاوکاری ئەمنی کراوەتەوە "بەشێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە فەراهەم بکات."
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق باسی لە دۆسیەی ئەمنی کرد و ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو دۆسیەیە کاریگەری لەسەر دۆسیەکانی دیکە دەبێت، بەڵام، "ویستێکی راستەقینە هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆسیەیە، ئەوەش لە رێگەی هاوکاریی ئەمنی، هەواڵگری، ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان و راوەدوونانی تیرۆریستان."
دۆسیەی ئاو بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بووە. ئەعرەجی گوتوویەتی، "پێویستە عێراق بەشە ئاوی خۆی پێ بدرێت، ئەوەش لە رێگەی هاوئاهەنگی نێوان هەردوو وڵات."
قاسم ئەعرەجی باسی ئەوەشی کردووە کە سەرکەوتنی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەهێز دەکات.
لای خۆیەوە، وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، "تورکیا هەوڵی گەورە دەدات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق بۆ لەنێوبردنی گرووپە تیرۆریستییەکان." ستایشی هەوڵەکانی عێراقیشی کردووە لە لەنێوبردنی رێکخراوی داعش و فەراهەمکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
وەزیری بەرگری تورکیا گوتوویەتی، ئەنقەرە دەیەوێت ناوەندی هاوبەشی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاڵوگۆڕی زانیارییە هەواڵگرییەکان سەرکەوتووبێت. هەروەها وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ هاوکاریی ئەمنی لە بواری تووندتۆڵکردنی سنوور.
رۆژی سێشەممە 6ی شوباتی 2024، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری بە سەرۆکایەتی شاندێک گەیشتە عێراق لەگەڵ هاوتا عێراقیەکەی و لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
ئێوارەی رۆژی سێشەممەش وەزیری بەرگری گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولیر لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.
بڕیارە سبەی وەزیری بەرگریی تورکیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ