رووداو دیجیتاڵ
نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە گوتاری رۆژی سێشەممە 6-2-2024دا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، ئەرکەکەی لە عێراق کۆتایی دێت.
رۆژی سێشەممە، 6ـی شوباتی 2024، جێنین پلاسخارت، نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق راپۆرتی وەرزانەی خۆی لەبارەی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان پێشکێشکرد و لە کۆتایی گوتارەکەیشیدا گوتی، "لە کۆتایی مانگی ئاداری ئەم ساڵدا بەشێوەیەکی فەرمی پۆستەکەم جێدەهێڵم".
پلاسخارت لە گوتارەکەیدا گوتیشی، "سەرەڕای هەموو خۆشی و ناخۆشییەکان، عێراق بووەتە بەشێک لە من؛ ئەو گوتارەی ئەمڕۆم دەبێتە دوایین گوتارم لەبارەی عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایش".
پلاسخارت سوپاسی حکومەتی عێراق و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد لە بەرامبەر ئەو پاڵپشتییەی کە لەکاتی بەجێهێنانی ئەرکەکەی لە عێراق لێیان کردووە.
جێنین پلاسخارت دیپلۆماتکار و سیاسەتمەدارێکی هۆڵەندییە و پێشتر بۆ ماوەی پێنج ساڵ وەزیری بەرگری هۆڵەندا بووە و لە تشرینی دووەمی 2018ـەوە وەکو نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەستبەکاربوو.
پلاسخارت چەندین جار باسی لە مەترسیی ناکۆکۆکیی لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
لە راپۆرتی ئەمجارەیشیدا گوتی، "بە نیگەرانییەوە دەڵێم کە جارێکی دیکە هەڵبژاردنی [هەرێمی کورستان] دواخرا؛ بڕیاربوو 25ـی شوبات بکرێت، بەڵام دیسان دواخرا. ئەمە یارمەتیدەر نییە بۆ هەرێمی کوردستان و سەقامگیریی عێراق".
پلاسخارت باسی لە ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی بودجە و نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش کرد و گوتی، "گرفتە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن. راستە گرفتی تەکنیکی هەن، بەڵام ئەمە ئەو راستییە ناگۆڕێت کە بەهۆی ئەو گرفتانەوە خەڵکی رۆژانە رووبەڕووی زەحمەتی دەبنەوە".
نێردەکەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز لەبارەی بودجەوە گوتی، "بڕیاری ئەم دواییەی حکومەتی ناوەندیی بۆ ناردنی شایستەیەکی دارایی بۆ مانگی کانوونی دووەم هەنگاوێکی باشە، بەڵام بۆ ئەوەی سەقامگیری بێتە ئاراوە، پێویستە هەرێمی کوردستان بودجەی بۆ بنێردرێت تاوەکو مووچەی فەرمانبەرەکانی مانگانە بدات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ