رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە شاندێکی تورکیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی ئاو سەردانی بەغدا بکات، دواتریش شاندێکی عێراقی سەردانی ئەنقەرە دەکات. وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق هۆشداری دەدات و دەڵێت، "ئەم ساڵ وشکەساڵییەکی تەواوە و پێویستە خۆتان بۆ هاوینی داهاتوو ئامادە بکەن."
محەممەدئەمین فارس، راوێژکاری باڵای سەرۆککۆماری عێراق و بەرپرسی دۆسیەی ئاو، پێنجشەممە 6ـی شوباتی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شاندەکەی تورکیا کە بڕیارە ئەم مانگە سەردانی بەغدا بکات، شاندێکی تەکنیکییە و لەگەڵ شاندێکی تەکنیکی کۆدەبنەوە.
بە گوتەی ئەو، هەردوولا دۆسیەی ئاو، پشکی عێراق، هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردووک وڵات لەم بوارەدا تاوتوێ دەکەن.
راوێژکارەکەی سەرۆککۆمار پێیوایە ئەم ساڵ بەهۆی کەمی باران و گۆڕانی کەشوهەوا، عێراق تووشی وشکەساڵییەکی سەخت دەبێت. بۆیە پێویستە لە ئێستاوە هەموو رێکارێک بگیرێتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگارییە گەورەیەی کە لە وەرزی هاوینی داهاتوودا رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە.
عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، کە ئەم مانگە شاندێکی تورکیا سەردانی بەغدا دەکات و دواتریش شاندێکی عێراقی سەردانی ئەنقەرە دەکات. ئامانج لەم سەردانانە گەیشتنە بە "رێککەوتنێکی روون" بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و کەمئاویی کە چاوەڕێ دەکرێت هاوینی داهاتوو رووبەڕووی عێراق ببێتەوە.
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتنی ئاویان لەگەڵ تورکیا و سووریا هەیە و تاوەکو ئێستا کاریگەرە. هەروەها رێککەوتنێکی دیکەی لاوەکییان لەگەڵ تورکیا هەیە بۆ دابەشکردنی ئاوی رووباری فورات.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئەو ئاوەی کە تورکیا بەری دەداتەوە لە رووباری فوراتەوە، 42٪ بۆ سووریا و 58٪ی بۆ عێراقە و تاوەکو ئێستا بەرکارە.
بە گوتەی وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، ئەو ئاوەی لە فوراتەوە دێتە عێراق نابێت لە 400 مەتر سێجا لە چرکەیەک کەمتر بێت. ئاماژەی بەوەشکرد ئاوەکە لە بەنداوی حەدیسە گلدەدەنەوە، بۆ ئەوەی لە هاوینی داهاتوودا سوودی لێ وەربگیرێت. لە کاتێکدا ئاوی هاتوو لە رووباری دیجلە لە 250 مەتر لە چرکەیەکدا تێناپەڕێت.
عەون زیاب پێشبینی دەکات کە ئەو بڕە ئاوەی لە رووباری فوراتەوە لە سووریاوە دێتە عێراق کەمتر ببێتەوە، ئەگەر دۆخی کەشوهەوای سووریا دوای دوو مانگی دیکە سەقامگیر بێت.
وەزیری سەرچاوەکانی ئاو جەخت لەوە دەکاتەوە کە "ئەم ساڵ تەواو وشکەساڵییە، ئەوەش بەهۆی کەمی بەفر و باران. مەترسی کەمئاویی هەیە لە وەرزی هاوینی داهاتوودا."
بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی وەرزی هاوین، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو هەموو فەرمانگەکانی راسپاردووە کە دەست بە بەکاربردنی ئاوەوە بگرن.
هەروەها وەزیری ئاو ئاشکرایکردووە لەم دواییانە لەسەر هەمان پرس لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاوی سەرجەم پارێزگاکان کۆبوونەتەوە، بە مەبەستی باشتر بەڕێوەبردنی ئاو و رەچاوکردنی دۆخەکە، هەروەها بەردەوام دەبن لە پرۆسەی لابردنی ئەو سەرپێچییانەی کە دەکرێن، وەک دروستکردنی حەوزی ماسی بێ مۆڵەت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ