پاپا فرانسیس: تووندوتیژی خیانەتە لە ئایین و ئێمەی باوەڕداران ناتوانین لە تیرۆریزم بێدەنگ بین

06-03-2021
سۆران عومەر
پێشوازی لە پاپا فرانسیس لەلایەن پیاوانی ئایینی لە ئوور. وێنە: AFP / Vincenzo PINTO
پێشوازی لە پاپا فرانسیس لەلایەن پیاوانی ئایینی لە ئوور. وێنە: AFP / Vincenzo PINTO
نیشانەکردن سەردانی پاپا فرانسیس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پاپا فرانسیس لە سەردانی بۆ شاری مێژوویی ئوور، شوێنی پێغەمبەر ئیبراهیم رایگەیاند، ئیبراهیم گەشتی یەکێتی و برایەتی لێرەوە دەستپێکردووە. هەمان شوێن کە دەگوترێت دوو هەزار ساڵ بەر لە زایین لانکەی پێغەمبەر ئیبراهیم بووە، لەگەڵ سەردانەکەی پاپا فرانسیس بووە لانکەی پێکهاتە ئایینی و ئیتنیکەییە جیاوازەکانی عێراق، ئەگەر بۆ چەند ساتێکیش بێت. 
 
کورد، عەرەب، سوننە و شیعە، کوردانی ئێزدی، کریستیان و جوو، کاکەیی و زەردەشتی هەموو لەسەر هەمان تەختەی شانۆ پێشوازییان لە سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیک کرد. پاپا فرانسیس گوتی، پەیامی ئەو بۆ عێراقییەکان ئاشتییە، ئاشتی لەنێوان پێکهاتەکان. "دووژمنکاری، تووندئاژۆیی، تووندوتیژی لە هەناوی ئایینەوە لەدایک نەبوون، ئەوانە خیانەتن لە ئایین، ئێمەی باوەڕداران ناتوانین لە تیرۆریزم بێدەنگ بین کە پێشێلی ئایین دەکات."
 
پاپا فرانسیس، لە پەیامەکەیدا زیاتر جەختی لەسەر برایەتی و پێکەوەکارکردنی هەموو پێکهاتە ئایینی و گرووپە جیاوازەکان بوو لەپێناو کۆتاییهێنان بە تووندوتیژیدا. 
 
لەو بارەیەوە لە بەشێکی گوتارەکەیدا گوتی، "ئاشتی پێویستی بە براوە و دۆڕاو نییە، بەڵام برا و خوشکی دەوێت، کە لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی بەدتێگەیشتن و ئازارەکانی رابردوودا لە ململانێوە گەشت بەرەو یەکێتی دەکەن، با لێرەوە نزا بۆ هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین، بەتایبەت من بیر لە سووریای گیرۆدە بەشەڕ دەکەمەوە." 
 
پاپا کوردانی ئێزدی لەبیر نەکرد و گوتی دەمەوێت بەتایبەت ناوی ئێزدییەکان بهێنم کە شیوەنیان بۆ مردنی چەندین لە پیاوەکانیان کرد، شاهێدی رفاندنی هەزاران ژن، کچ و منداڵ بوون، کە وەک کۆیلە فرۆشران، کەوتنە بەر تووندوتیژیی جەستەیی و گۆڕینی ئایین بە زۆر.
 
لەکاتی نزا کردنیشدا نزای  بۆ ئازادی ئایینی کرد کە لە بەشێکیدا هاتبوو، "با پێکەوە نزا بۆ ئازادیی ویژدان و ئازادیی ئایین بکەین، بۆ ئەوەی لە هەموو شوێنێک دانی پێدابنرێت و رێزی بگیرێت." 
 
لە ئوور پاپا بە سەرکردە ئایینییەکان و پێکهاتە جیاوازەکانی گوت، "ئێمە هەموومان هاتووینەتە لانکەی ئیبراهیم، شوێنی لەدایکبوونی ئایینەکان، شوێنی باوکی جوو، موسڵمان و کریستیان، بۆیە گرنگە بگەڕێینەوە رێبازی ئیبراهیم بۆ ئاشتی و برایەتی و یەکێتی". 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل.

بەغدا داوا لە هەرێمی کوردستانی دەکات پابەندی جێبەجێکردنی رسوماتی گومرگی بێت

ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی پیشەسازیی عێراق، داوا لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی عێراق، بە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە دەکات، کە پابەندی جێبەجێکردنی رسوماتی گومرگی بن لەسەر ژمارەیەک کاڵای خۆراکیی هاوردەکراو.