عێراق
عەلی فالح زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت و موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم
رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەجیا لەگەڵ سەرکردەی سێ لایەنی سووننە کۆبووەوە؛ بەرپرسێکی هاوپەیمانیی عەزم دەڵێت: "دوو وەزارەت و جێگرانی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار بە مافی خۆمان دەزانین و داواى دەکەین" .
رۆژی چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، عەلی فالح زەیدی بەجیا لەگەڵ سرمەد خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەرى، سابت عەباسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی حەسمی نیشتمانی و موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکان بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بوون کە بڕیارە عەلی فالح زەیدی لە ماوەی 30 رۆژدا پێکیبهێنێت.
عەزام حەمدانی، یەکێک لە رێگەپێدراوانی هاوپەیمانیی عەزم بۆ لێدواندان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، موسەنا سامەڕائی ئاماژەی بە گرنگیی پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەت، لەگەڵ کارکردنی هاوبەش بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان."
پێنج لایەنی سووننە لە پەرلەمانی عێراقن، کە بریتین لە پارتی تەقەدوم، هاوپەیمانیی عەزم، سەروەری، حەسمی نیشتمانی و جەماوەری نیشتمانی؛ لە نێویاندا تاوەکو ئێستا هاوپەیمانیی تەقەدووم پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی وەرگرتووە.
عەزام حەمدانی رایگەیاند پارتی تەقەدووم بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان 25 خاڵیان رۆیشتووە و تەنیا هەشت خاڵیان ماوە، بەڵام هاوپەیمانیی عەزم 17 کورسییان هەیە و هیچ پۆستێکیان وەرنەگرتووە، بۆیە دوو وەزارەت و جێگرانی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران بە مافی خۆیان دەزانن.
لایەنە سوننەکان لە حکومەتی ئێستای عێراق پێنج وەزارەتیان هەیە، کە بریتین لە وەزارەتەکانی: پلاندانان، بازرگانی، پیشەسازی و کانزاکان، پەروەردە و رۆشنبیری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ