رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی پیشەسازییەکانی عێراق دەڵێت، کەرتی پیشەسازی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و تێچووی بەرهەمهێنان زیاد کردووە. باس لەوەش دەکات، دابینکردنی کارەبا بووەتە ئاستەنگێکی گەورە لە بەردەم کەرتی پیشەسازی عێراق.
رۆژی چوارشەممە، 29ی نیسانی 2026، عادل عەگاب، سەبارەت بە کاریگەریی گرژییەکانی ناوچەکە لەسەر کەرتی پیشەسازیی وڵاتەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کەرتی پیشەسازی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بەتایبەت لە دابینکردنی وزە و کەرەستەی خاو، ئەمەش تێچووی بەرهەمهێنانی لە هەندێک کەرتدا زیاد کردووە." ئاشکراشی کرد کە خەریکی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی دابینکردنی کەرەستەن بۆ ئەوەی کەمتر پشت بە دەرەوە ببەستن.
یەکێک لە گەورەترین گرفتەکانی بەردەم کارگەکان، دابینکردنی کارەبایە. سەرۆکی یەکێتیی پیشەسازییەکان دەڵێت، "پرسی دابینکردنی وزە ئاستەنگێکی گەورەیە. ئێستا پڕۆژەیەکمان هەیە بۆ جیاکردنەوەی کارەبای کارگەکان لە تۆڕی کارەبای نیشتمانیی ماڵان، ئەمە جگە لە هەوڵەکانمان بۆ باشترکردنی سووتەمەنی پیشەسازی و هاندانی بەکارهێنانی وزەی جێگرەوە، بۆ ئەوەی تێچووی بەرهەم کەمبکەینەوە و کاڵای ناوخۆیی بتوانێت کێبڕکێی کاڵای جیهانی بکات."
عادل عەگاب ئاماژەی بەوە کرد کە زۆرێک لە پیشەسازان بەدەست رێکارە ئاڵۆزەکانی بانکەکانەوە دەناڵێنن. گوتیشی، "ئێمە وەک ئەڵقەیەکی پەیوەندی لەنێوان پیشەسازان و بانکەکان کاردەکەین بۆ سادەکردنەوەی رێکارەکان، بەتایبەت بۆ پشتگیریکردنی پڕۆژەی گەنجان." هەروەها باسی لەوەش کرد کە کار دەکەن بۆ کاراکردنی "دەروازەی ئەلیکترۆنیی یەکگرتوو" بۆ ئەوەی رێکارە کارگێڕییەکان خێراتر بکرێن و رێگری گەندەڵی بکرێت.
رێگەی گەشەپێدان و کارگە ناوخۆییەکان
سەرۆکی یەکێتیی پیشەسازییەکانی عێراق لەبارەی پەیوەندیی رێگەی گەشەپێدان بە کەرتی پیشەسازی دەڵێت، "وەک دەرفەتێکی ستراتیژی سەیری پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان دەکەین. کار لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بۆ ئەوەی لە دابەشکردنی زەوییەکاندا لەپێشینە بدرێتە کارگە ناوخۆییەکان." سەبارەت بە وەبەرهێنانی بیانیش ئاماژەی بەوە کرد کە دەیانەوێت ئەو وەبەرهێنانە ببێتە هۆی "گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و هاوبەشیی راستەقینە، نەک تەنیا کێبڕکێ."، دەشڵێت، "کار دەکەین بۆ ئامادەکردنی هێزی کاری عێراقی لەرێگەی خولی مەشق و راهێنانەوە".
سەرۆکی یەکێتیی پیشەسازییەکانی عێراق داوای رێکخستنەوەی پرۆسەی هاوردەکردنی کاڵا و کەرەستەی پیشەسازیی کرد و گوتی، "پێویستە رێگری لە هاوردەکردنی ئەو کاڵایانە بکرێت کە هاوشێوەیان لە نێوخۆدا بەرهەم دەهێنرێت، بۆئەوەی پیشەسازیی نیشتمانی لە ئاستێکی جێگیردا بێت."
بەگوێرەی ئاماری یەکێتییەکە، پار عێراق نزیکەی 25 جۆر کاڵای جۆراوجۆری هەناردە کردووە و داهاتەکەی نزیکەی ملیارێک دۆلار بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ