زەیدی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووەوە؛ باس لە "میکانیزمی پێکهێنانی حکومەت" کراوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عەلی فالح زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەجیا لەگەڵ حەوت سەرکردەى هاوپەیمانى چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووەوە؛ بەگوێرەی بەرپرسی یەکێک لەو هێزانە، باس لە میکانیزمی پێکهێنانی حکومەت کراوە.
 
ئەو حەوت کۆبوونەوەیەی عەلی فالح زەیدی، رۆژی چوارشەممە 29ی نیسانی 2026 لەگەڵ سەرۆک و کەسی یەکەمی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ئەساس، تەسمیم، ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، رەوتی حیکمە، رێکخراوی بەدر و عەسائیبی ئەهلی حەق بە جیا کراون.
 
محەممەد خالیدی، یەکێک لە بەرپرسانی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە رووداوی رایگەیاند: ئەو کۆبوونەوانەی عەلی فالح زەیدی لەگەڵ سەرکردەکانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی پێکهێنانی حکومەت و شێوازەکەی بووە.
 
یەکەم کۆبوونەوەی عەلی فالح زەیدی لە دوای راسپاردنی بۆ پێکهێنانی حکومەت، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە 28ی نیسان بوو.
 
لە راگەیێنراوی کۆتایی ئەو حەوت کۆبوونەوەیەدا، باس لە یەکخستنی هەوڵەکانی لایەنە سیاسییەکان کراوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی نیشتمانی کە خواست و داواکاری هاووڵاتییان بهێنێتەدی.
 
هومام حەمودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، لە کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ عەلی فالح زەیدی پێی رایگەیاندووە کە پێویستە "حکومەتی داهاتوو حکومەتی هاووڵاتیان بێت و بۆشایی نێوان حکومەت و هاووڵاتییان نەهێڵێت و رەزامەندیی خەڵک بەدەستبهێنێت".
 
لە 26ی نیسان، عەلی فالح زەیدی بە فەرمی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق راسپێردرا وەک بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراق، کە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە.
 
محەممەد خالیدی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی بەربژێری راسپێدراوی پێکهێنانی حکومەت، محەممەد شیاع سوودانی پێشنیازی کردووە کە گۆڕانکارییەکان لە حکومەتی نوێدا جگە لە وەزارەتەکان، بەڕێوەبەرە گشتییەکانیش بگرێتەوە.
 
30 رۆژ لەبەردەم زەیدی دایە، کابینەی حکومەتەکەی پێشکێش بکات بۆ ئەوەی لە پەرلەمان بە دەنگدان متمانەی پێ بدرێت.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەلی زەیدی

پسپۆرێکی دیجیتاڵی: زیاتر لە 2.6 ملیۆن گەڕان بۆ ناوەکەی عەلی زەیدی کراوە

داتا دیجیتاڵییەکان دەریدەخەن، ناوی عەلی فالح زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، گەڕانێکی زۆری لە ئینتەرنێت بۆ دەکرێ