وەزارەتی بازرگانیی عێراق هەفتەی داهاتوو بەشە خۆراکی مانگی رەمەزان دابەش دەکات

06-03-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، هەفتەی داهاتوو بەشە خۆراکی مانگی رەمەزان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دابەش دەکەن. بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "هەر بەشە خۆراکێک لە عێراق دابەش بکرێت هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە."
 
رۆژی دووشەممە 06-03-2023 محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی  راگەیاند: "وەک ئامادەباشی بۆ پێشوازیکردن لە مانگی رەمەزان و بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵمەتێکمان راگەیاند بۆ دابەشکردنی بەشەخۆراکێک لە مانگی رەمەزان و هەموو ئامادەکارییەک تەواوکراوە. هەفتەی داهاتوو لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەست بە دابەشکردنی دەکرێت."
 
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەو بەشە خۆراکە هەموو پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەگرێتەوە و لە چوارچێوەی بەشەخۆراکی مانگانە نییە، واتا هیچ پەیوەندییەکی بەو بەشەخۆراکانەوە نییە کە هاووڵاتییان هەموو مانگێک وەریدەگرن، ئەوە بەردەوام دەبێت و مانگانە دابەشدەکرێت و ئەوەی هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، تایبەتە بە مانگی رەمەزان. 
 
لەبارەی دابەشکردنی مریشک و هێلکە لە مانگی رەمەزاندا ، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئەوە هەڵمەتێکی دیکەی وەزارەتەکەیانە و دەڵێت: " وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخ، هەندێک بەشەخۆراکی سەرەکیی هاووڵاتییان بە نرخی پاڵپشتیکراو دەخاتەبازاڕەوە کە ئەوانیش  هێلکە، مریشک، شیر و ئاردن، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن بە نرخێکی کەمتر بیکڕن."
 
محەممەد حەنوون گوتیشی، وەزارەتەکەیان خوێندنەوەیەکی باشیان بۆ بازاڕ کردووە و لیژنەکانیان بەردەوام  چاودێریی نرخی بازاڕە دەکەن و "تائێستا هیچ سەرپێچییەک بۆ زیادکردنی نرخ نەکراوە و ئەوەش نیشانەیەکی ئەرێنییە کە ئەم رەمەزانە جیادەکاتەوە لە رەمەزانەکانی دیکە و  ئەوەش بەهۆی هەوڵەکانی وەزارەتە کە بەشەخۆراکی باشی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشکردووە و خستویەتییە بازاڕەوە."
 
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەشازی لەبارەی دابەشکردنی بەشە خۆراکی مانگی رەمەزان لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەر بەشە خۆراکێک لە عێراق دابەش بکرێت هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، لە دوایین کۆبوونەوەشمان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق جەختمان لەوە کردووەتەوە و ئاگادارمان کردوونەتەوە."
 
ئەو مادە خۆراکییانەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق کە تایبەتە بە مانگی رەمەزان هەمان ئەو مادە خۆراکیانەی مانگەکانی رابردوون. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە