وەزارەتی کاری عێراق: 225 ملیار دینارمان لە سەرپێچیکارانی تۆڕی کۆمەڵایەتی وەرگرتووەتەوە

06-03-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق دەڵێت، 225 ملیار دیناریان لە سەرپێچکارانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی وەرگرتووەتەوە. 
 
رۆژی چوارشەممە 6ی ئاداری 2024، نەجم عقابی، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زیاتر لە 220 هەزار خێزان بە سەرپێچی و نایاسایی مووچەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیان وەرگرتووە".
 
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق گوتی، "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 225 ملیار دینار لەو کەسانە وەرگیراوەتەوە کە بە سەرپێچی و نایاسایی مووچەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتییان وەرگرتووە. ئەوەش لە هەموو پارێزگاکان بووە". 
 
رۆژی 28ی شوباتی 2024، ئەحمەد یەحیا، بەڕێوەبەری بەشی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هۆبەی یاسایی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لە 1ی کانوونی دووەمی 2024ـەوە 157 سکاڵای تۆمارکردووە لەسەر ئەوانەی بە نایاسایی مووچەی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتییان وەرگرتووە و پارەکەیان نەگەڕاندووەتەوە و گوتیشی، کۆی گشتی پارەکە دەگاتە 427.589.000 دينار.
 
ئەحمەد یەحیا داوای لەو کەسانە دەکات کە سەرپێچیان کردووە و گوتی، گرنگە بە پەلە دەستبەرداری مووچەکانیان بن تاوەکو پارەیەکی زیاتر نەکەوێتە ئەستۆیان و رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاساییش نەبنەوە.
 
بەگوێرەی یاسای پاراستنی کۆمەڵایەتی ژمارە 11ی ساڵی 2014، ئەوانەی یاساکە دەیانگرێتەوە بریتین لە نڤیشکان، کچانی بەتەمەن، بێسەرپەرشت، پەککەوتە، ئەو ژنانەی هاوژینیان لەدەستداوە، خێزانی زیندانیان کە ماوەی سزاکەیان لە ساڵێک زیاتر بێت و بڕیارەکە پلەی کۆتایی هەبێت، نێوجەوانانی سزادراو ماوەی سزاکەیان لە ساڵێک زیاتر بێت و پلەی کۆتایی هەبێت، ئەو خێزانانەی داهاتیان سنووردارە یان ئەوانەی لە خوار هێڵی هەژارییەوەن.
 
بڕی یارمەتییەکە بەپێی دۆخی هەر خێزانێک دەگۆڕدرێت؛ خێزانی دوو کەسی 210 هەزار دینار،  خێزانی سێ کەسی 315 هەزار دینار، خێزانی چوار کەسی و بەسەرەوە، 420 هەزار دینار وەردەگرن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە