لە عێراق 27 هەزار کەس داوای قەرزی نیشتەجێبوون دەکەن و هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە

06-03-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق رایدەگەیێنێت، 27 هەزار کەس داواکاریی قەرزی نیشتەجێبوونیان پێشکێشکردووە. قەرزەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
 
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 06-03-2025) ئەو ئامارەی بە تۆڕی میدیایی رووداو و دا، گوتیشی ئێستا پرۆسەی وردبینی دەستیپێکردووە و هەرکەسێک مەرج و رێنماییەکان بیگرێتەوە، پەیوەندی پێوەدەکرێت بۆ ئەوەی قەرزەکەی پێبدرێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ئەمساڵ، بڕی 950 ملیار دینار بۆ ئەو قەرزە دیاریکراوە، زۆرترین بڕی ئەو قەرزەی دەدرێت، 60 ملیۆن دینارە.  
 
ساڵی رابردوو، وەزارەتەکە یەک تریلیۆن دیناری بۆ قەرزی نیشتەجێبوون تەرخانکرد و، 19 هەزار و 309 کەس لێی سوودمەند بوون.
 
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق دەڵێت "بەگوێرەی یاساکان، قەرزەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە."
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تائێستا پێدانی قەرزەکانی حکومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، چونکە دەبێت ژمارەیەک یاسا هەموار بکرێنەوە، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش لەو قەزانە سوومەند بن. ئەمە وێڕای ئەوەی پێویستە لقەکانی بانکی رەشید و رافیدەین لە هەرێمی کوردستان بکرێنەوە، تاوەکو ئەو بانکانە قەرز بدەن.
 
شێروان دووبەردانی، کە هاوکات ئەندامی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستانە ئاماژەی بەوە دا لەگەڵ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا هەوڵەکانیان خستووەگەڕ بۆ  هەموارکردنەوەی ئەو یاسایانە، تاوەکو ئەو قەرزانە هەرێمی کوردستانیش بگرنەوە. 
 
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاند، هەرێمی کوردستان لەو قەرزانە سوومەند نییە، چونکە قەرزەکان لە رێگەی بانکە حکومییەکانەوە دەدرێن.
 
سۆران عومەر، کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەرییە، پێیوایە یەکەم هەنگاو بۆ ئەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەو قەزانە سوومەند بن، ئەوەیە مووچەکانیان لە بانکە حکومییەکاندا تەوتین بکرێت، ئەوسا داوابکرێت پێدانی قەرز هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.  
 
نەبیل سەفار میکانیزمی ئەو قەرزە روون دەکاتەوە و دەڵێت، پێشینە بۆ ئەوانە دەبێت کە خانووی نوێ دروست دەکەن، نەوەک نۆژەنی دەکەنەوە؛ هەروەها پێشینە بۆ خەڵکی دەرەوەی شارەکان، خێزاندار و ئەو کەسانە دەبێت، کە تەمەنیان سەروو 51 ساڵە و چوار منداڵ یان زیاتریان هەیە.
 
قەرزەکە بە سێ بەش دەدرێت و بە 15 ساڵ وەردەگیرێتەوە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە