رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دەنگۆی بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە و کێڵگەی نەوتی رومێلە لە پارێزگاکەی خوارووی عێراق بڵاوبووەوە. شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێت، کێڵگەکە بە ئامانج نەگیراوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای بەسرە ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی گوت: "بە درۆنێک هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی بەسرە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە."
ئەو سەرچاوەیە باسی لە هێرشێکی دیکەی درۆنی بۆ سەر کێڵگەی نەوتی رومێلە لە بەسرە کرد، کە کۆمپانیای BPی بەریتانی تێیدا کۆمپانیای سەرکارە.
بەڵام سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر کێڵگەی رومێلە و دەنگۆکان ناڕاستن."
کێڵگەی نەوتیی رومێلە دەکەوێتە پارێزگای بەسرە لە باشووری عێراق، بە یەکێک لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی عێراق و جیهان دادەنرێ، کۆڵەکەیەکی سەرەکیی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی عێراق پێکدەهێنێت.
کێڵگەکە 32 کیلۆمەتر لە باکووری سنووری کوێت و 50 کلیۆمەتر لە رۆژئاوای شاری بەسرە دوورە. دابەش دەبێت بەسەر دوو بەشدا: رومێلەی باکوور و رومێلەی باشوور.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ