سیستمێکی ئاودێری لە باشووری عێراق دەدۆزرێتەوە؛ مێژووەکەی بۆ 600 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە

06-04-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لێکۆڵینەوەیەکی نوێی شوێنەوارناسی، سیستمێکی پێشکەوتووی ئاودێری لە باشووری عێراق دەدۆزێتەوە کە مێژووەکەی بۆ لانیکەم 600 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە. شوێنەوارەکە کە لە هەزاران جۆگە و جۆگەلەی پێکەوە بەستراو پێکدێت، پیشانیدەدات چۆن لەو سەردەمەدا جووتیاران ئاوی رووباری فوراتیان بۆ ئاودانی کێڵگەکانیان بەکارهێناوە. 
 
شوێنەوارەکە دەکەوێتە هەرێمی ئێریدو لە باشووری میزۆپۆتامیا، کە لەم سەردەمەدا دەکاتە پارێزگەی زیقار لە نزیک بەسرە.
 
لێکۆڵینڤانانی هەردوو زانکۆی بەریتانیی دورهام و نیوکاسڵ بە هاوئاهەنگی زانکۆی قادسیەی عێراق و بە پشتیوانیی دارایی (پەیمانگەی بەریتانی بۆ لێکۆڵینەوە لە عێراق) شوێنەوارەکەیان دۆزیوەتەوە. 
 
بە بەکارهێنانی نەخشەی جیۆلۆجی، وێنەی مانگە دەستکردەکان، وێنەی کامێرای درۆن و کاری مەیدانی، لێکۆڵینڤانان زیاتر لە 200 جۆگەی گەورەی دەستکردیان دۆزیوەتەوە کە هەموویان دەچنەوە سەر رووباری فوراتی کۆن. 
 
ئەو جۆگە سەرەکییانە، زیاتر لە چوار هەزار جۆگەلەیان لێدەبێتەوە کە لە رێگەیانەوە زیاتر لە 700 کێڵگە ئاودێریکراون. 
 
ئەم دۆزینەوەیە تێگەیشتنمان بۆ شێوازە دێرینەکانی ئاودێری قووڵ دەکاتەوە و لێهاتوویی خەڵکی ئەو کات لە سوودوەرگرتن لە ئاو و کشتوکاڵ نیشاندەدات. 
 
بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکە، ناوچەی ئێریدو بۆ هەزاران ساڵ وەک خۆی لە ژێر تەپوتۆزدا ماوەتەوە، بێ ئەوەی دەستی لێ بدرێت یان گۆڕانکاری بەسەردا بێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە هەزارەی یەکەمی پێش زاییندا رێڕەوی رووباری فورات گۆڕاوە و مرۆڤ ناوچەکەی چۆڵکردووە. 
 
تۆڕە ئاودێرییەکە توانای جووتیارانی دێرینی میزۆپۆتامیا لە بەکارهێنانی جوگرافیا و سەرچاوە سرووشتییەکان بۆ پەرەپێدانی شارستانی نیشاندەدات. 
 
بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکە، جووتیاران بەربەستی بەرزیان لە نێو رووبارەکەدا دروستکردووە بۆ ئەوەی ئاوەکە لە بەرزاییەوە بڕژێتە نێو گۆمی گەورەوە و لەوێوە بەسەر لقەکاندا دابەشبێت و بگاتە نێو کێڵگە و زەوییەکان. 
 
ئەم لێزانییە، یارمەتیی جووتیارانی دا لە هەردوو کەناری رووبارەکە دانەوێڵە بچێنن، ئەگەرچی کەناری باکوور زیاتر دەچێنرا. 
 
لێکۆڵینەوەکە تیشک دەخاتە سەر چۆنیەتیی بەرەوپێشچوونی تۆڕی ئاودێری، سەدە دوای سەدە. 
 
هێشتنەوەی جۆگەکان پێویستی بە کار و ئەزموونی زۆر بووە. لێکۆڵینەوەکە دەڵێت، دەکرێت هەر بەشێک لەو جۆگە و دێراوانە لە سەردەمێکی جیادا دروستکرابن. 
 
ئەمانەش لەسەر شاری ئێریدو بزانە: 
 
- لە لایەن زۆر شوێنەوارناسەوە بە کۆنترین شار لە مێژوودا دادەنرێت کە دامەزراندنی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی پێنج هەزار و 400 ساڵ پێش زاین و هەندێ جار بە لانکەی شارستانی و دروستبوونی شارەکان دادەنرێت. 
 
- لە شارستانییەتی سۆمەریدا، بە ناوەندی پەرستنی ئێنکی، "خواوەند"ـی سۆمەرییەکان بۆ ئاو، دانایی، جادوو و ئافراندن دادەنرا. 
 
- شارەکە دەکەوتە نزیک زۆنگاوەکان. 
 
- پەرستگەیەک بە ناوی ئەپسوو دروستکرابوو لەسەر شوێنێک کە شارنشینەکان پێیانوابوو، ژێرەوەی دەریایەکی دەست لێ نەدراوە کە ئێنکی لێی دەژیت. 
 
- کنە و پشکنینەکان دەریدەخەن پەرستگەی ئێنکی لانیکەم 18 جار نۆژەنکراوەتەوە و چین لەسەر چین بونیاتنراوەتەوە، کە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی بۆ هەزاران ساڵ لای دانیشتووانی ناوچەکە پیرۆز بووە. 
 
- بە گوێرەی ئەفسانە سۆمەرییەکان، ئەلولیم یەکەمین شا بووە فەرمانڕەوایی لە شارەکە بکات. 
 
- شارەکە ئێستا بیابانێکی وشکی چۆڵە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە شارێکی عێراق. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوەی زیاتری هەواڵەکەیە

باران نوێژی ملیۆنیی سەدرییەکانی راگرت

بە فەرمانی موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، ئەو نوێژە ملیۆنییەی داوای کردبوو لە پارێزگای بابل بکرێت، بەهۆی باران و سەرماوە دواخرا