رووداو دیجیتاڵ
شیعەکان بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، یەک هەفتە مۆڵەت دەدەنە سوننەکان.
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی ئاداری 2024، لە نووسینگەی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبوونەوەی ژمارە 191ـی ئاسایی کرد. یەکێک لەو بابەتانەی گفتوگۆی لەسەر کراوە، یەکلاکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای لە فراکسیۆنەکانی سوننە کرد بەرپرسیاربن لە چۆڵیی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و لە هەفتەیەکدا یەکلایی بکەنەوە.
هەروەها دەڵێن: "دوای تەوابوونی مۆڵەتی هەفتەیەک، پەرلەمان کۆدەبێتەوە بۆ تەواوکردنی ئەو بەرکەوتە گرنگە و ئامادەکاری بۆ دەنگدان بە خشتەی موازەنەی 2024".
هاوپەیمانییەکانی عەزم، سیادە و حەسمی نیشتمانی رۆژی دووشەممە 6ـی ئایاری 2024، راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و دەڵێن، وەک وەڵامدانەوەی داواکاریی زیاتر لە 150 پەرلەمانتار، داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دەکەن "بەپەلە و لە نزیکترین کات"دا دانیشتنی پەرلەمان رێکبخەن "لەبەر هەر هۆکار و پاساوێک دوانەخرێت".
ئەو سێ هاوپەیمانییە بەڕێوەچوونی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بە هەنگاوێکی "یەکلاکەرەوە و پێویست"، دەزانن بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی سیاسی و دامەزراوەکانی عێراق.
هەروەها پێیانوایە: "بەردەوامبوون لە دواکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، دەبێتە هۆی پەکخستنی کاری پەرلەمان و زیان لە بەرژەوەندیی باڵای وڵات دەدات و هەڕەشە بۆ سەر پرۆسەی دیموکراسی دروستدەکات".
لە 14ـی تشرینى دووەمی ساڵى رابردووەوە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان چۆڵە، ئەویش بەهۆى بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بە لێسەندنەوەى ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان، کە سەرۆکى پەرلەمان بوو.
پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، کە زۆرینەی سوننەکانی نێو پەرلەمان پێکدەهێنێت بە 45 کورسی، ئەو پۆستە بە پشک و بەرکەوتەی خۆی دەزانێت.
ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان وایکردووە نە سوننەکان بتوانن بە یەک بەربژێرەوە پۆستەکە وەربگرنەوە، نە شیعەکانیش رژد بن لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ ئەو پۆستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ