رووداو دیجیتاڵ
لە بەندیخانەی ناوەندیی ناسریە، 11 کەس بە تاوانی "تیرۆر" سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکرا.
ئەو 11 کەسە رۆژی دووشەممە، 6ـی ئایاری 2024 لەسێدارەدراون. ناسریە ناوەندی پارێزگای زیقارە، دەکەوێتە باشووری عێراق. زۆربەی ئەوانەی لەسەر تیرۆر دەستگیرکران و سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە، لەو بەندیخانەیەن.
رۆژی 22ـی نیسانی 2024، لە هەمان بەندیخانە 11 کەسی دیکە بە تاوانی تیرۆر و داعشبوون لە سێدارەدران.
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2024، رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ بڵاویکردەوە، ئەگەری هەیە بەمنزیکانە 150 زیندانی لە عێراق لەسێدارە بدرێن.
نزیکەی هەشت هەزار زیندانی لە عێراقدا کە زۆربەیان تاوانبارکراون بە تیرۆر، چاوەڕێی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان دەکەن.
جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان بە سەرپەرشتیی وەزارەتی دادی عێراقە. ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتەکە بە رووداوی گوت: "جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان دوای ئەوەدێت هەموو رێکارەکانی تەواو بووە، پلەی کۆتایی وەرگرتووە و مەرسوومی سەرۆکایەتیی کۆماری بۆ دەرچووە".
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق دەڵێت: "هەموو ئەوانەی لەسێدارە دراون، بەپێی مادەی 14ی تیرۆر سزاکەیان بەسەردا جێبەجێکراوە، بە رفاندن، کوشتن، دانانەوەی مین بۆ هاووڵاتییان و هێزە ئەمنییەکان تاوانبار کراون".
بە گوتەی ئەحمەد لعێبی، وەزارەتی داد پێوەرەکانی مافی مرۆڤ رەچاو دەکات، پەیوەندیی بە کەسوکاریانەوە دەکات. کەسوکاریان سەردان یان پەیوەندیی تەلەفۆنی دەکەن. ئازادیی تەواو دەدرێتە سزادراوەکە وەسیەت بنووسێت و واژۆ و مۆری بکات، دواتر بە سەرپەرشتیی توێژەرێکی کۆمەڵایەتی رادەستی کەسوکارەکەی دەکرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق دەڵێت: "دوای جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکە، بەشی رێنمایی ئایینی لە بەشی چاکسازیی سەر بە وەزارەتی داد پەیوەندی بە کەسوکارەکانیانەوە دەکات بۆ رادەستکردنی تەرمەکانیان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ