رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەست بە کڕینەوەى چەکى مامناوەند دەکات، کە بی کەی سى، دۆشکە و هاوشێوەکانیان دەگرێتەوە. نرخەکانیشیان بە سێ بۆ شەش ملیۆن دینار دیاریکراوە.
پڕۆسەى کڕینەوەى ئەو چەکە مامناوەندانە لە یەکى ئایارەوە دەستیپێکردووە. چەکەکان لەلایەن لیژنەى رێکخستن و سنووردارکردنى چەک بەدەستى دەوڵەت دەکڕدرێتەوە، کە سەر بە وەزارەتى ناوخۆى عێراقە.
عەمید زیاد قەیسی، گوتەبێژى فەرمیى لیژنەکە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، کڕینەوەى چەک بۆ ئەم قۆناخە بى کەى سی، ئاڕ بی کەی، دۆشکە و هاوشێوەکانیان دەگرێتەوە. چەکەکانیشی بەپێی کوالێتییان بە سێ بۆ پێنج ملیۆن و 900 هەزار دینار دەکڕدێنەوە.
قۆناخى یەکەمى هەڵمەتى سنووردارکردنى چەک بەدەستى دەوڵەت لە مانگى کانوونى دوومى 2024 دەستیپێکرد، ئەو چەکە سووکانە تۆمارکران، کە هاووڵاتییان هەیانە بۆ ئەوەى مۆڵەتیان پێبدرێت.
بۆ ئەم قۆناخە 697 ناوەندى وەرگرتنى چەک لە بنکەکانى پۆلیسى پارێزگاکانى عێراق دادەنرێت، بەڵام لە هەرێمى کوردستان ناکرێتەوە.
خاوەن چەک سەرەتا سەردانى ناوەندەکە دەکات و پسوولەیەکى دەدرێتێ بۆ ئەوەى رێگەى پێبدرێت چەکەکەى بگوێزێتەوە بۆ ناوەندەکە و لە خاڵى پشکنین لێى وەرنەگیرێت.
گوتەبێژى فەرمیى لیژنەى رێکخستن و سنووردارکردنى چەک بەدەستى دەوڵەت دەڵێت: "لە هەر پارێزگایەک لیژنەیەک پێکدەهێندرێت بۆ پشکنینى چەکەکان و شیاویى بەکارهێنانیان تاوەکو لێیان بکڕدرێتەوە".
قۆناخى سێیەم چەکداماڵین لەدواى کڕینەوەى چەکى مامناوەند دەبێت، هێزە ئەمنییەکان دەست دەکەن بە پشکنین و گەڕان بەدواى چەک و وردبینیی لە مۆڵەتى چەکهەڵگرتنى هاووڵاتییان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ