رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق و باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ دەکەن. هەردوولا داوا دەکەن هەڵبژاردنەکە دادپەروەرانە بێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دادگەی باڵای فیدراڵی، رۆژی دووشەممە، 6ـی نیسانی 2024، جاسم محەممەد عەبود، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق و ئەلینا رۆمانووسکی، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و شاندی یاوەری کۆبوونەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا داوا دەکەن گەرەنتیی ئەوە بکرێت هەمووان چالاکانە بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن.
جاسم محەممەد عەبود رایگەیاندووە، دادگەی باڵای فیدراڵی سوورە لەسەر بنیادنانی پەیوەندیی دوو قۆڵی لەگەڵ دادگە دەستوورییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونی یاسایی لە بواری دادگەی دەستووری، پەرەپێدان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی کەڵەکەبووی دادگە دەستوورییەکان: "بەشێوەیەک ببێتەهۆی بنیادنانی دیموکراسییەکی دروست و پاراستنی ماف و ئازادییە گشتیی و تایبەتەکان".
بەپێی راگەیێندراوەکە، هەردوولا باسیان لە پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا کردووە. هەروەها جەخت لە گرنگیی پشتیوانیی ئەو پەیوەندییە لەپێناو عێراقی خاوەن ئاسایش، پەرەسەندوو، بنیادنانی دامەزراوە دەستوورییەکان بەشێوەیەکی دروست، پاراستنی دەستووری عێراق و فەراهەمکردنی بنەماکانی کراوەتەوە، ئەوەش لەرێگەی بنیادنانی سیستمی دیموکراسیی پەرلەمانی و دەستووریش گەرەنتیی یەکێتیی عێراقە.
لە کۆبوونەوەکە باسی پەیوەندیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمەکان کراوەتەوە. جەخت لە جێبەجێکردنی دەستوور بەشێوەیەکی دروست کراوەتەوە، بەتایبەتی دەسەڵاتی دارایی و کارگێڕیی ئەو پارێزگایانەی لە هەرێمێک رێکنەخراون، بە گوێرەی مادەی (122/ دووەم)ی دەستوور. هەروەها ئەوەشی لە مادەی (121/ یەکەم)ی دەستوور دا هاتووە، کە دەسەڵاتی داوەتە هەرێمەکان بۆ پیادەکردنی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریی، لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەنەشی، کە تەنیا فیدراڵیین.
باڵیۆزی ئەمریکا گوتی، وڵاتەکەی هەوڵدەدات پەیوەندییەکی بەهێز لە ئاستە جیاوازەکانەوە لەگەڵ عێراق بنیادبنێت، لەوانە لە بواری دادگەی دەستووری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ