بۆ یەکەمجار دواى 70 ساڵ عێراق دەبێتەوە خاوەنی فڕۆکەى ئاگرکوژێنەوە

06-05-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

بۆ یەکەمجار لە دواى نزیکەى 70 ساڵ لە دامەزراندنى، بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیى عێراق دوو فڕۆکەى تایبەت بە ئاگرکوژاندنەوە بە دروستکردن دەدات. 
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ى ئایارى 2025، نەواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "دوو فڕۆکەى تایبەت بە ئاگرکوژاندنەوە و رزگارکردن لە کۆریاى باشوور دەکڕین، کە یەکەمجارە لە دواى دامەزراندنى بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لە ساڵى 1956 ببینە خاوەنى ئەو جۆرە فڕۆکانە."
 
نەواس سەباح شاکر گوتى: "فڕۆکەکان بە لەسەر داواى عێراقە و  ئێستا لە قۆناخى دروستکردندان، یەکێکیان بۆ ئاگر کوژاندنەوەیە و تواناى هەڵگرتنى ئاو و مادەکانی دیکەى ئاگرکوژاندنەوە و گواستنەوەى کارمەندانى بەرگریی شارستانى هەیە، فڕۆکەکەى دیکەیان بۆ بەهەناوەچوونى ئەو کەسانەیە کە بە هۆى ئاگر یان رووداوەکانى دیکەوە پێویستیان بە رزگارکردنە." 
 
پار 8554 رووداوى ئاگرکەوتنەوە لە عێراق روویانداوە، لە کاتێکدا ساڵى 2023 ژمارەى ئاگرکەوتنەوەکان گەیشتە زیاتر لە 21 هەزار رووداو. 
 
هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیی عێراق ئاماژەى بەوەدا کە ئەو دوو فڕۆکەیە بۆ هەموو پارێزگانى عێراق بەکاردەهێندرێت و بەگوێرەى پێویستى ژمارەکەى زیاد دەکرێت. 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە