رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی کە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا داوای لە ئەمریکا کردووە گەرەنتی پاراستنی ئەمنی بکرێت، بۆ بەشداربوونی لە لووتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا؛ گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، سەرجەم ئەوانەی لە لووتکەکەدا بەشدار دەبن، لە هەر پێگە و پۆستێکدا بن، ئاسایشیان پارێزراو دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 6ی ئایار، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرجەم رێکارە ئەمنییەکانمان بۆ پاراستنی کۆبوونەوەی لووتكەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا تەواو کردووە، سەرجەم ئامادەبووانی لووتکەکە پارێزراو دەبن."
چەند رۆژێکە دەنگۆیەک لە میدیاکاندا بڵاوبووەتەوە، گوایە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا داوای لە ئەمریکا کردووە گەرەنتیی پاراستنی ئەمنی بکرێت، بۆ بەشداربوونی لە لووتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا.
سەباح نوعمان دەڵێت، "ئەوانەی لە لووتکەکەدا بەشدار دەبن، لە هەر پێگە و پۆستێکدا بن، ئاسایشیان پارێزراو دەبێت و رێکاری ئەمنیی تووند بە چەندین شێوە دەگرینەبەر و پلانمان بۆ داناوە."
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق گوتیشی، "رێکارە ئەمنییەکانمان سەرەڕای تووندوتۆڵییان، بەڵام هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ژیانی رۆژانەی دانیشتووانی بەغدا نابێت."
هەر ئەمڕۆ، عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، "داوای گەرەنتیی ئەمنی لە عێراق نەکراوە، بۆ ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا."
لووتکەى وڵاتانی عەرەبی، لە 17ی ئایاری 2025 لە بەغدا بەڕێوەدەچێت. 27ی نیسان عێراق بە فەرمى بانگهێشتنامەی رادەستى ئەحمەد شەرع کرد، بۆ ئامادەبوون لەو لووتکەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ