رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لەبارەى پڕۆژەیاساى بودجە دواخرا، کە بڕیار بوو 6ى حوزەیران بکرێت، ئەندامێکى لیژنەکە دەڵێت، دواخستنی کۆبوونەوەکە بۆ ئەوەیە سەرۆکى فراکسیۆنەکانى پەرلەمان لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداربن، کە دوا بڕیار لەبارەى گۆڕانکارییەکانی پڕۆژەیاساکە دەدرێت بەر لەوەى رەوانەى سەرۆکایەتیى پەرلەمان بکرێت بۆ دەنگدان لەسەرى.
خەلیل دۆسکی، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، کۆبوونەوەى 6ى حویزەیرانى لیژنەکەیان بۆ کاتێکى نادیار دواخرا، کە بڕیار بوو ئەندامانى لیژنەى دارایی دەنگ بە کۆى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى بدەن و رەوانەى سەرۆکایەتیى پەرلەمانی بکەن.
سەبارەت بە هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەکە خەلیل دۆسکی گوتی: "دواخستنى ئەو کۆبوونەوەیە بۆ ئەوەیە سەرۆکى فراکسیۆنەکانى پەرلەمانى عێراق بەشداربن تێیدا بۆ یەکلاکردنەوەى پرسی گۆڕانکارییەکانى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى".
پێشتر لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق 6ى حوزەیرانى دیاریکردبوو بۆ ئەوەى پرسی گواستنەوەى بودجە لەنێوان سێکتەرەکان و پشکى هەرێمى کوردستان یەکلابکاتەوە و بە دەنگ بە پڕۆژەیاساکە بدات بۆ ئەوەى رەوانەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى بکەن.
لەدواى دەنگدانى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لەسەر گۆڕانکارییەکانى هەردوو مادەى 13 و14 ى تایبەت بە پشکى هەرێمى کوردستان، رێوشوێنەکانى تاوتوێکردنى ئەو پڕۆژەیاسایە و دەنگدان لەسەرى لە پەرلەمان پەکى کەوتووە.
نوێنەرانى پارتى دیموکراتى کوردستان و هاوپەیمانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەگفتوگۆدان بۆ چارەسەرى کێشەى گۆڕانکارییەکان کە لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە رەتکرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ