رووداو دیجیتاڵ
هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح دەستپێشخەریى چارەسەرى ناکۆکیى نێوان هەرێمى کوردستان و چوارچێوەى هاوئاهەنگى دەکات لەبارەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى کە دوو خاڵى ناکۆک ماون و تایبەتن بە پاشەکەوتى مووچە و بڕیارى دادگەى فیدراڵى.
رۆژی 6ـى حوزەیرانى 2023، محەممەد بەیاتى، ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتیی رێکخراوى بەدر بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح و ئەمیندارى گشتیى رێکخراوەکە دەستپێشخەرییەکى کردووە بۆ چارەسەرى ناکۆکییەکان لەبارەى پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى.
محەممەد بەیاتى گوتى: "گفتوگۆ هەیە و پرسەکە پەیوەندیدارە بە دابەشکردنى داهات و پشکى هەرێمى کوردستان و پارێزگاکانى دیکەى عێراق، لێکتێگەیشتن هەیە و پرسەکە بەرەو چارەسەر دەڕوات".
رۆژی 25ـى ئایارى 2023، لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق گۆڕانکارى لە ماددەکانى 13 و 14ـى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى کرد، کە تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان، بەشێوەیەک کە پابەندبوونى زیاتر لەسەر هەرێمى کوردستان دانراوە لەبارەى رادەستکردنى نەوت و چۆنێتیى مامەڵەکردن بە داهاتەکەى و پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەران.
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى دەستى کەوتووە، دوو خاڵ هەن کە تاوەکو ئێستا جێگەى ناکۆکین و رێککەوتنى کۆتایی لەسەرى نەکراوە، کە پاشکەوتى مووچە و ناوهێنانى بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵییە لە یەکلاکردنەوەى ناکۆکیى نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەى بودجە.
بەگوێرەى گۆڕانکارییەکانى لیژنەى دارایی، پێویستە مانگانە حکومەتى هەرێمى کوردستان 10%ـى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەران بداتەوە و ئەگەر کێشە لە پابەندبوونى نێوان هەولێر و بەغدا بە یاساکە روویدا، بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى یەکلاکەرەوە دەبن، کە مەبەست لێى بڕیارێکى دادگەکەیە لەدژی ناردنى پارە بۆ هەرێمى کوردستان بە پاساوى ئەوەى نەوتەکەى رادەستى بەغدا نەکردووە.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە چوارچێوەى هاوئاهەنگى بە رووداوى گوت: "هەرێمى کوردستان داوایکردووە کە 10%ـى پاشەکەوتى مووچە لەلایەن بەغداوە بدرێتەوە و نوێنەرانى چوارچێوەى هاوئاهەنگیش دەیانەوێت لەسەر پشکى هەرێمى کوردستان بێت، ئەگەر تەنیا ئەو پرسە بە هەڵپەسێردراوى بمێنێتەوە، ئەگەر هەیە دوابخرێت و بۆ پەسندکردنى بودجە چاوەڕێى ئەو بڕگەیە نەکرێت".
پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیی عێراق، کە بۆ سێ ساڵە؛ قەبارەکەى زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە، لەو بڕە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.
بۆ پەسندکردنى پڕۆژەیاساکە پێویستە ناکۆکییەکان لەبارەى ماددەکانیەوە یەکلابکرێتەوە تاوەکو لێژنەى دارایی رەوانەى سەرۆکایەتیى پەرلەمان بکات، بەمەبەستى دیاریکردنى رۆژێک بۆ کۆبوونەوەى دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ