رووداو دیجیتاڵ
هاووڵاتییەکەی ئوسترالی دوای چوار ساڵ لە هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی مەرجدار لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە ئازادکرا. نەتەوە یەکگرتووەکان زیندانیکردنی ئەو هاووڵاتییە ئوسترالییەی بە "دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی" وەسف کردووە.
رۆبێرت پێسەر، کە ئەندازیارێکی میکانیکییە، لە ساڵی 2021 بە تۆمەتی ساختەکاری لە چوارچێوەی کێشەیەکی گرێبەستدا لە نێوان کۆمپانیا راوێژکارییەکەی کە کاری بۆ دەکرد و بانکی ناوەندیی عێراق، دەستبەسەرکرا و دواتریش زیندانی کرا.
رۆژی پێنجشەممە، 5ی حوزەیران، دێسری، هاوسەری رۆبێرت پێسەر بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "تەندروستیی پێسەر زۆر خراپە و پێویستی بە چاودێریی پزیشکیی بەپەلەیە، بەڵام هێشتا قەدەخەی جێهێشتنی خاکی عێراقی لەسەرە."
گوتیشی "بەڕاستی پێویستە رۆبێرت لە ماڵەوە یان لە نەخۆشخانە بێت."
لەدوای هەواڵی ئازادکردنی رۆبێرت، دەسەڵاتدارانی ئوسترالیاش رایانگەیاند، لە کاتی گەڕانەوەی رەنگە ئەو هاووڵاتییە رووبەڕووی رێکاری یاسایی بکرێتەوە.
رێکخراوی نەیەوە یەکگرتووەکان، لەبارەی کەیسی رۆبێرتەوە رایگەیاندبوو کە زیندانیکردنی ئەو هاووڵاتییە ئوسترالییە تەمەن 50 ساڵانە "نایاسایی بووە" و دادگەیەکی نێودەوڵەتیش بڕیاری داوە کە ئەو کەسە "هیچ بەرپرس نییە لەو ناکۆکییە بازرگانییانەی روویانداوە."
دوای ئازادکردنی هاووڵاتییەکەیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە، حکومەتی ئوسترالیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئەو هەنگاوەی بەغدا "پێشهاتێکی ئەرێنییە" دوای ساڵانێک لە هەوڵدان بۆ داکۆکیکردنی لە رۆبێرت و ئازادکردنی.
پێنی وۆنگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا لەوبارەیەوە دەڵێت: "ئاگاداری ئەو گوشارە قورسەی خێزانی پێسەرم کە لە دەرئەنجامی زیندانیکردنی رۆبێرت دروست بووە و هیوادارم ئەم هەواڵە دوای ساڵانێک لە ناخۆشی، کەمێک ئارامی بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو خێزانە."
ئەو هاووڵاتییە ئوسترالییە نزیکەی دەیەیەک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عێراق کاری کردبوو، پێش ئەوەی لە ساڵی 2015دا پڕۆژەیەکی گەورەی ئاوەدانکردنەوەی ئۆفیسی بانکی ناوەندیی عێراق لە بەغدا وەربگرێت.
ئەو لەگەڵ کەسێکی دیکەشدا لە کۆمپانیای راوێژکاریی ئەندازیاری بەناوی "CME Consulting"، دەستگیر کران، دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی عێراقی، ئەو دوو کەسەی بە دزینی پارە لە پڕۆژەکەدا تۆمەتبار کردبوو.
دوای نزیکەی شەش مانگ دەستبەسەرکران، دواتر هەردوو تۆمەتبار سزای پێنج ساڵ زیندانی و سزای دارایی هاوبەش بە بڕی 12 ملیۆن دۆلاریان بەسەردا سەپێنرا.
بەڵام بەگوێرەی راپۆرتێکی ساڵی 2022ی نەتەوە یەکگرتووەکان، کەیسی ئەو هاووڵاتییە ئوسترالیا پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دەسەڵاتدارانی عێراقیشیان تۆمەتبار کردبوو بەوەی رۆبێرت پێسەر رووبەڕووی لێکۆڵینەوەیەکی "تووندوتیژ و ناچارکار" کراونەتەوە، بەڵام حکومەتی عێراق ئەو تۆمەتانەی رەتکردبووەوە.
لە ساڵی 2023 دا، دادگەی ناوبژیوانیی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی (ICC) بڕیاریدا بانکی ناوەندیی عێراق لە کێشەکەیدا لەگەڵ کۆمپانیای CME هەڵەی کردووە و فەرمانی پێکرد کە بڕی 13 ملیۆن دۆلار بداتە کۆمپانیاکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ