عێراق
کارمەندێکی کۆمیسیۆن لە هەڵبژاردنێکی رابردوودا کۆپییەک لە دەنگە تۆمارکراوەکانی ئامێرێک رادەکێشێت. وێنە: رووداو/ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق وردبینی لە دۆسیەی ئەو کەسانە دەکات کە خۆیان بۆ کورسیی کۆتای کوردانی فەیلی لە پەرلەمانی عێراق بەربژێر کردووە.
عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەشێکی تایبەت (هۆبە) لە وەزارەتەکەمان دامەزراوە بۆ وردبینیی دۆسیەی ئەو کەسانەی کە وەکو بەربژێری کوردی فەیلی ناویان تۆمار کردووە، تاوەکو دڵنیا ببینەوە لەوەی بەڕاستی کوردی فەیلین."
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، یەک کورسیی کۆتا بۆ کوردانی فەیلی تەرخان کراوە، کە تایبەتە بە پارێزگای واست.
عەلی جەهانگیر گوتیشی، "بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ساڵی 2023ش، وردبینی لە دۆسیەی ئەو کەسانە کرا کە خۆیان وەک بەربژێری کوردی فەیلی ناساندبوو. بۆ ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانیش، چاوەڕێی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانین ناوەکانمان بۆ رەوانە بکات."
دەرگای تۆمارکردنی ناوی بەربژێران بۆ پارت و هاوپەیمانێتییەکان، هەروەها بەربژێرە سەربەخۆکان و کۆتاکان، لە 25ی ئایارەوە کراوەتەوە و تاوەکو 24ی حوزەیران بەردەوام دەبێت.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت. جگە لە کورسیی کۆتای کوردانی فەیلی، 8 کورسیی دیکەی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی مەسیحی، سابیئەی مەندائی، ئێزدی و شەبەک تەرخان کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ