6ی حوزەیران لای سوننەی عێراق یەکەم رۆژی جەژنی قوربان و لای شیعە رۆژی عەرەفە بوو

07-06-2025
زیاد ئیسماعیل
زیاد ئیسماعیل
نوێژی جەژن لە مزگەوتێکی بەغدا. وێنە: رووداو
نوێژی جەژن لە مزگەوتێکی بەغدا. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە عێراق رۆژی 6ی حوزەیران سوننەکان و 7ی حوزەیران شیعەکان کردیان بە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان. لە مزگەوت و مەزاری شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغدا پەیڕەوانی سونە مەزهەب نوێژی جەژنیان کرد، جیاواز لە مزگەوتەکانی دیکە، هەزاران زیارەتکاری هیندستانی، بەنگلادیشی و پاکستانی لەو مزگەوتە ئامادەی رێوڕەسمی نوێژی جەژن بوون.
 
عەدنان محەممەد، هاووڵاتیی هیندی دەڵێت، "هەموو ساڵێک بیرم دەکردەوە چۆن بێمە ئێرە، سوپاس بۆ خوا ئەم ساڵ لەگەڵ هاوڕێکانم توانیم، ئەمە دوا جارم نابێت و دێمەوە، ئێرە کتومت لە هیندستان دەچێت، هاوکاریت دەکەن، لێرە هەست ناکەم غەریبم و هەموو شت باشە."
 
زیارەتکاران لەدوای نوێژی جەژن بە لێشاو روویان لە بازاڕە میلییەکان کرد، تەسبیح، کڵاو، بەرماڵ و ئەنگوستیلە زۆرترین خواستیان لەسەرە.
 
زیارەتکاران بەرماڵ و تەسبیح دەکڕن وەکو پیرۆزی، چونکە شوێنەکە پیرۆزە، وەکو پیرۆزییش بۆ خزمان و ئازیزانیانی دەبەنەوە.
 
ناوچەی کازمییە، لە دیارترین ناوچە شیعەنشینەکانی بەغدایە، رۆژی 6ی حوزەیران هیچ سیمایەکی جەژن تێیدا بەدینەکرا و لە یەکەم رۆژی جەژنی سوننەکان، لای شیعەکان هێشتا عەرەفە بوو، لای ئەوان ئەمڕۆ شەممە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە.
 
محەممەد تەمیمی، هاووڵاتیی دانیشتووی کازمییە گوتی، "بەخوا ئەمە حوکمی پیاوانی ئایینییە، هەر کەسەو بۆچوونی خۆی هەیە، هەریەکەیان دەڵێن من راستم، ئیدی ئێمەش بەدوایاندا دەڕۆین، جا ئەمە بێت یان ئەوی دیکە. بۆ خودا بێت، قبووڵکراوە."
 
زیاتر لە هەفتەیەک بەر لە جەژن نووسینگە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق رایگەیاند، رۆژی 7ی حوزەیران یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە.
 
لەنێوان ئەعزەمیە و کازمییە پردێک هەیە، ئەوەی وایکردووە دوو کەشی جیاواز دروست ببێت بە جێوارێک لە ئەعزەمییە جەژن و لە کازمییە عەرەفە بێت، جیاوازیی مەزهەبییە نەوەک تەنها بینین و نەبینینی مانگ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە