رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراک رایگەیاند، سەرچاوەی نوێیان بۆ دابینکردنی خۆراکی فۆرمی خۆراک زیادکردووە و دەشڵێت، بۆ سێ مانگی دیکە خۆراکی کۆگاکراویان هەیە و دابەشکردنی سەبەتەی شەشەمی خۆراکیش دەستیپێکردووە.
لوما هاشم موسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراک لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەستمان بە دابەشکردنی سەبەتەی شەشەمی خۆراک بەسەر تەواوی هاووڵاتییان و ئەوانەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە کردووە."
لە عێراق نزیکەی هەشت ملیۆن خێزان، فۆرمی خۆراکیان هەیە
بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک گوتی، "خۆراکی کۆگاکراومان بۆ سێ مانگی دیکە هەیە، داوامان لە سەرۆکوەزیران کردووە گرێبەست بکرێت بۆ دابینکردنی سەبەتەکانی خۆراک تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ و سەرەتای ساڵی داهاتوو."
بەپێی ئاماری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، لە کۆی نزیکەی 42 ملیۆن کەس، 10 ملیۆن هەژار لە عێراق هەن و سەرووی پێنج ملیۆن کەس مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان هەیە. نزیکەی هەشت ملیۆن خێزانیش فۆرمی خۆراکیان هەیە.
موسەوی دەڵێت، "لەسەر بنەمای داوای سەرۆکوەزیران، لێکۆڵینەوەیەک پێشکێش دەکەین بۆ باشترکردنی مادەکانی سەبەتەی خۆراک. وڵاتی بەرهەمهێنانی نوێمان هێناوەتە نێو سەبەتەی خۆراک، لەوانە برنج لە وڵاتانی ئەرجەنتین، ئۆرۆگوای و ئەمریکا دەهێنین و چوار جۆرە پاقلەمەنییش زیاد کراون."
لوما هاشم موسەوی روونیکردەوە، برنج، شەکر، زەیت، دۆشاوی تەماتە و پاقلەمەنی بەسەر خێزانی ئاسایی دابەش دەکرێت، هەرچی ئەوانەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە بڕێکی دیکە شەکر، زەیت لەگەڵ شیری منداڵان، چا و ئاردی سفریان پێدەدرێت.
سەرەتای ئەمساڵ، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پڕۆژەی سەبەتەی خۆراکی تایبەت بەوانە راگەیاند کە تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە. سوودانی پێشتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نزیکەی پێنج ملیۆن و 76 هەزار و 694 کەس سەبەتەی خۆراکی تایبەت بە چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ