تۆڕێک لە عێراق 11 ساڵ بەناوى هاووڵاتیانەوە پارەى حەواڵەى دەرەوە کردووە

06-07-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامانى تۆڕێکى سپیکردنەوەى پارە لە عێراق دەستگیر دەکرێن کە 11 ساڵە بە ناوى هاووڵاتیانەوە پارەیان حەواڵەى دەرەوە کردووە. ئەو کەسانە کۆمپانیایەکى حەواڵەشیان بەناوى کەسێکەوە کردووەتەوە بێ ئەوەى ئاگادار بێت ئەو کۆمپانیایەى بە ناوەوەیە.
 
6ى تەمموزى 2023، دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، تۆڕێکى سپیکردنەوەى پارەیان لە پارێزگاى نەجەف دەستگیرکردووە کە کاریان سپیکردنەوەى پارە و حەواڵەکردنى بووە بۆ دەرەوەى عێراق؛ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو تۆڕە بە ناوى ژمارەیەک هاووڵاتییەوە ئەو کارەیان کردووە بێ ئەوەى ئەو هاووڵاتیانە خۆیان ئاگادار بن.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو تۆڕە 68 ملیۆن دۆلارى حەواڵەى دەرەوەى عێراق کردووە لە رێگەى کۆمپانیایەکى دراوەوە کە بەناوى کەسێکەوە بەڕێوەیان بردووە، بێ ئەوەى ئەو کەسە ئاگاى لێ بێت.
 
ئەو تۆڕە کاتێک ئاشکرا بووە کە هاووڵاتیەک سەردانى بەڕێوەبەرایەتى باجى کردووە و لەوێ پێیان راگەیاندووە کە 13 ملیار دینارى باجى لەسەرە، ئەوەش بەهۆى حەواڵەکردنى پارەوە لە رێگەى بەکارهێنانى ناوى ئەو کەسەوە.
 
دەستەى دەستپاکیى عێراق ئاماژەى بەوەشداوە کە ئەو تۆڕە لە ساڵى 2012ەوە ئەو کارەى کردووە و بەو جۆرە، فێڵى لە ژمارەیەک لە هاووڵاتیان کردووە.
 
ئەندامانى ئەو تۆڕە بەگوێرەى مادەى 44ى یاساى سپیکردنەوەى پارە و پارەدارکردنى تیرۆر رەوانەى دادگەى سپیکردنەوەى پارە کراون، کە سزاکەى بەندکردن وپێبژاردنە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە