عەتەبەی عەباسی بۆ رووداو: لە عاشوورادا 14 ملیۆن پەرداخ ئاو خوراوەتەوە و 8 کیلۆ بخورد بەکارهاتووە

06-07-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە رۆژانی مەراسیمی عاشوورادا، لە کەربەلا 24 هەزار مەتر چوارگۆشە بە ئاوپرژێن فێنککراوەتەوە، 39 هەزار مەتر فەرش راخراوە و زیاتر لە 14 ملیۆن پەرداخ ئاو پێشکێشی زیارەتکاران کراوە.
 
عەتەبەی عەباسی لە شاری کەربەلا، کە سەرپەرشتیی بەشێک لە بۆنە ئایینییەکانی شیعە دەکات، رایگەیاند، بەبۆنەی عاشووراوە رووبەری 24 هەزار و 88 مەتر چوارگۆشەیان بە سیستمی پرژێنەری ئاو فێنک کردووەتەوە و 39 هەزار و 849 مەتر چوارگۆشە فەرشی سوور و نایلۆنیان راخستووە.
 
ئەم ساڵ لە 5ی تەممووزی 2025، یادی عاشوورا لە عێراق کرایەوە، کە یادی کوژرانی ئیمام حوسێن، دووەم ئیمامی شیعەکان و کەسوکارەکەیەتی لە شاری کەربەلا.
 
رۆژی یەکشەممە، 6ی تەممووزی 2025، عەلی بەدری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی عەتەبەی عەباسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "21 تیمی فریاگوزاری و 22 ئەمبولانس بەشدار بوون لە بۆنەکەدا و 25 تۆن دەرمانی جۆراوجۆر بۆ تیمە تەندروستییەکان دابینکراوە و خزمەتگوزارییان پێشکێش بە 22 هەزار و 535 کەس کردووە."
 
بەو پێیەی مەزارگەی ئیمام حوسێن لە پارێزگای کەربەلایە، زۆرترین شوێنکەوتووی ئایینزای شیعە لە عاشوورادا سەردانی ئەو پارێزگایە دەکەن.
 
عەلی بەدری رایگەیاند: "10 هەزار و 162 خۆبەخش بەشدارییان لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا کردووە، 320 رۆژنامەڤان و 18 کەناڵی ئاسمانییش بەشدارییان لە رووماڵکردنی بۆنەکەدا کردووە."
 
بەگوێرەی ئامارەکە، رۆژی عاشوورا هەشت کیلۆگرام بخورد و 40 لیتر بۆن بەکارهاتووە و 312 ئۆتۆمبێل هاووڵاتییانیان گواستووەتەوە.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی عەتەبەی عەباسی گوتی: "لە 10 رۆژی یەکەمی مانگی موحەڕەمدا، 14 ملیۆن و 748 هەزار و 600 پەرداخ ئاو بەسەر زیارەتکاراندا دابەشکراوە و بە درێژایی رۆژانی زیارەتی عاشوورا، رۆژانە 1800 قاڵب سەهۆڵ بۆ ئەو مەبەستە بەرهەمهێنراوە".
 
لای شیعەکان، 27ی حوزەیران وەک یەکەم رۆژی مانگی موحەڕەم دیاریکرا و مەراسیمەکانی عاشوورا لەو رۆژەوە دەستیان پێکرد.
 
عەلی بەدری گوتیشی: "عاشوورا وەک چلەی ئیمام حوسێن نییە و ژمارەی زیارەتکاران هەژمار ناکرێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق.

شیعە چاوەڕێی سوننەیە؛ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان دەدرێتە عەسائیب؟

چوارچێوەی هاوئاهەنگی چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی بەربژێری سەرۆکی پەرلەمان لە لایەن سوننەکانەوە دەکات، بۆ ئەوەی پشکی خۆی کە جێگری یەکەمە دیاری بکات؛ ئاماژەکان بۆ ئەوەن پۆستەکە بۆ "عەسائیبی ئەهلی حەق" دەبێت.