رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژى وەزارەتى گەیاندنی عێراق رایگەیاند، بڕیارى بلۆککردنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرام چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە بڕیارەکە هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە یان نا.
رۆژی یەکشەممە، 6ى ئابی 2023، عومەر عەبدولڕەزاق، گوتەبێژى وەزارەتى گەیاندنی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بڕیارى بلۆککردنی تۆڕى کۆمەڵایەتیی تەلەگرام کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەڵام تائێستا دیار نییە ئەو بڕیارە هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە یان نا.
عومەر عەبدولڕەزاق ئاماژەى بەوەشدا کە بڕیارەکە لەسەر بنەماى راسپاردەى لایەنى باڵا بووە بەهۆى دزەکردنى زانیارى هەستیار و چەند جارێکیش کۆمپانیاى تەلەگرام-یان لەو بارەیەوە ئاگادارکردووەتەوە بەبێ ئەوەى کاردانەوەیان هەبووبێت. گوتیشى:"دواى بڕیارى بلۆککردنى تەلەگرام، ئەو کۆمپانیایە هیچ کاردانەوەیەکى نەبووە و هیچ پەیامێکى بۆ نەناردووین".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ى ئاب، وەزارەتی گەیاندنی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەدا کە لەسەر داوا و پێشنیازی دەسەڵاتە باڵاکان و پەیوەست بە ئاسایشی نیشتمانییەوە، بڕیاریان دا بە بلۆککردنی تەلەگرام، چونکە پێیوایە لەو رێگەیەوە زانیاری و داتا کەسییەکانی هاووڵاتییان دزەی پێکراوە و پێچەوانەی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەپلیکەیشنەکەدا کراوە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت چەندینجار داوایان لە ئیدارەی تەلەگرام کردووە کە هاوکاربن لە داخستنی ئەو شوێنانەی هۆکارن بۆ دزەپێکردنی داتا و زانیارییەکانی دامودەزگا فەرمییەکان و زانیاریی کەسیی هاووڵاتییان، بەشێوەیەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و ئاشتیی کۆمەڵگە دروستکردووە.
گوتەبێژى وەزارەتى گەیاندنی عێراق رایگەیاند، جێبەجێکردنى بڕیارى بلۆککردنى تەلەگرام، لە سنوورى دەسەڵاتى وەزارەتەکەیدایە، بەڵام تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى دیکە پەیوەستن بە دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکان.
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، زیاتر لە 16 ملیۆن بەکارهێنەرى تۆڕى کۆمەڵایەتى تەلەگرام هەن کە بە پلەى دووەم دێت لە رووى بەکارهێنانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەعێراق لەدواى فەیسبووک، کە 18 ملیۆن بەشداربووى لە عێراق هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ