رووداو - هەولێر
شوێنەوارناسانی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی بە سوودوەرگرتن لە وێنەی مانگە دەستکردەکان چەندین شوێنی راوکردنیان لە بیابانەکانی خوارووی عێراق و باکووری سعودیە دۆزیوەتەوە و دەڵێن، ئەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەو ناوچەیە لە قۆناخی پێش نووسینەوەی مێژوو، ناوچەیەکی پڕ لە سەوزایی، ئاو و ئاژەڵی کێوی بووە.
لە رێگەی ئەو وێنانەوە زیاتر لە 350 شوێن دۆزراونەتەوە کە مرۆڤی کۆن بە دیواری بەردین دروستیکردوون و وەکو تەڵەیەک بۆ گرتنی نێچیرەکانی بەکاریهێناون.
لێکۆڵینەوەکە لە رۆژهەڵاتی بیابانی نەفوود لە سعودیە و هەروەها بیابانەکانی باشووری عێراق کراوە کە پێشتر وەک پێویست لێکۆڵینەوەیان تێدا نەکراوە. ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە لە گۆڤاری The Holoceneی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە کە دەکرێت تێگەییشتنی مرۆڤ بۆ شێوازی ژیانی هەشت هەزار ساڵ پێش زایین و مێژووی گۆڕانی کەشوهەوای عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگۆڕێت.
لێکۆڵینەوەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدا بە ناوی (شوێنەوارناسی و هەڕەشەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا)، بە سەرپەرشتیی د. مایکڵ فرادلی Dr. Michael Fradley، لە لایەن تیمێکی کۆلێژی شوێنەوارناسیی زانکۆی ئۆکسفۆردەوە کراوە.
دیوارەکان هاوشێوەی پەرژینی گەوڕی ئاژەڵ دانراون و ژمارەیەک دەرچەیان تێدایە. هەریەکە لەو دەریاچانە، رێگەیەکی بۆ دەڕوات کە هەندێکیان چەندین کیلۆمەتر درێژن؛ هەردوولای رێگەکەش دیوارکراون بە جۆرێک هەر ئاژەڵێک بچێتە نێویەوە ناتوانێت لێی دەربچێت و دواجار خۆی لە نێو تەڵە شێوە ئەستێرەییەکەدا دەبینێتەوە.
مرۆڤی چەرخی پێش مێژوو ئاژەڵەکانی وەکو ئاسکی راوناوە تاوەکو بردوونیەتی بۆ نێو تەڵەکە بۆ ئەوەی بتوانێت بیانگرێت یان بیانکوژێت.
بەڵگە هەیە کە ئەو دیوارانە دەگەڕێنەوە بۆ چەرخی بەردینی نوێ، واتە لانیکەم هەشت هەزار ساڵ پێش زایین.
دیوارەکان توانا و هێزی مرۆڤی سەردەمی چاخی بەردینی نوێ پیشاندەدەن، دیوارەکان لە ئاسمانەوە لە کۆلارە دەچن؛ بۆیە لە لایەن ئەو فڕۆکەوانانەی کە بۆ یەکەمین جار دۆزیویانەتەوە، ئەو ناوەیان پێ دراوە. دیوارەکان لە سەر زەوی بە ئاسانی نابینرێن، بەڵام مانگە دەستکردەکان و پێگەکانی وەکو Google Earth یارمەتیی شوێنەوارناسانیان داوە بەو دۆزینەوانە بگەن.
ئەگەرچی ئەو دیوارانە پێشتر لە رۆژهەڵاتی ئوردن و رۆژئاوای سووریا دۆزرابوونەوە، بەڵام یەکەمین جارە ئەو کۆلارانە لە خوارووی عێراق و لە باکووری سعودیە دەدۆزرێنەوە کە 400 کیلۆمەتر لەوانی پێشتر دوورن.
دکتۆر فرادلی لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەو نەخشانەی ئێمە دۆزیوماننەتەوە بەڵگەی دیزاینی نەخشەسازییەکی ئاڵۆز و هۆشیارانەن. لەڕووی قەبارەوە، سەری کۆلارەکان تا 100 مەتر پانە، بەڵام رێگەکان [کلکەکانی کۆلارەکە] کە ئێمە پێمانوایە ئاسک و نێچیرەکان لێیانەوە ئاراستەی نێو سەری کۆلارەکە کراون، زۆر گەورەن. لە هەندێ لەو نموونە نوێیانەی کە ئێستا دۆزراونەتەوە، ئەو دیوارانەی کە ماونەتەوە و لەنێونەچوون لە سەر هێڵێکی راست بۆ زیاتر لە چوار کیلۆمەتر درێژدەبنەوە." ئاماژە بەوەش دەکات کە دروستکردنی ئەو رێگە دیوارکراوانە بەو درێژییە پیشانیدەدات کە مرۆڤی ئەو کات "توانایەکی گەورەی" هەبووە.
بەڵگەکان پیشانیدەدەن کە ئەو کۆلارانە پێویستیان بە سەرچاوەی گەورە هەبووە بۆ بونیادنان، پاراستن و نۆژەنکردنەوەیان نەوە لە دوای نەوە، لە کاتێکدا کە بەردەوام بۆ راوکردنی ئاژەڵەکان بەکارهێندراون کە دوای ئەوە گۆشتی نێچیرەکان گوێزراوەتەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی راوچییەکان.
لێکۆڵەرەکان پێیانوایە کە رەنگە قەبارەی زەبەلاحی کۆلارەکان و شێوەی هەر یەکێکیان دەرخەری ناسنامە، پێگە و خاوەنی ناوچەکە بووبێت. شێوەی ئەو کۆلارانەی لە ئوردن دۆزراونەتەوە، پیشانیدەدات لە چەرخی بەردینی نوێدا ئەو شوێنە وەکو سومبولێک بووە و بایەخێکی گەورەی لە ناوچەکەدا هەبووە.
لە نەخشەسازیی سەری کۆلارەکەوە تاوەکو دەگاتە رێگە دیوارکراوەکانی کە بۆی دەڕۆن، جیاوازییەکی گەورە لەگەڵ هەموو کارە بیناسازییەکانی دیکەی چەرخی هۆلۆسین (چەرخی نوێی جیۆلۆجی 11،700 ساڵ پێش ئێستا) هەیە کە هیچیان بەو ئاڵۆزییە و قەبارەیە نەبوون. شوێنەوارناسان دەڵێن، بونیادنەرانی ئەو دیوارانە لە هەندێ شوێنی کاتی کە لە ماددەی ئەندامی دروستکرابوون، نیشتەجێبوون، بەڵام هیچ شوێنەوارێکی ئەو نشینگەیانە نەماون کە مانگە دەستکردەکان بتوانن بیاندۆزنەوە، چونکە ماددە ئەندامییەکان شیبوونەتەوە.
''کۆلارەکان'' بەڵگەی هەبوونی پەیوەندیی نێوان نیشتەجێبووانی ناوچەکەن
دۆزینەوەی ئەو کۆلارانە دەریدەخات کە لە چەرخی بەردینی نوێدا ئاستێکی نائاسایی پەیوەندی لەنێوان ئەو شوێنەدا هەبووە کە ئێستا عێراق، سووریا، ئوردن و سعودیەیان پێ دەگوترێت، کە پێشتر ئەمە نەزانراو بوو؛ هەروەها پرسیاری زۆر دروستدەکەن لە بارەی ئەوەی دەبێت کێ ئەم دیوارانەی دروستکردبێت؟ نێچیرەکان بۆ تێرکردنی کێ راوکراون؟ یانیش چۆن خەڵک نەک هەر تەنیا توانای مانەوەیان لە ژیاندا هەبووە، بەڵکو توانیویانە وەبەرهێنان لە بیناسازیشدا بکەن.
لێکۆڵەرەکان باس لەوە دەکەن کە دۆزینەوەی ئەو کۆلارانە بە پەرش و بڵاوی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە لە نێو بیابانەکانی باکووری سعودیە و باشووری عێراق خەڵکی ئەو سەردەمە ئاگاداری یەکدی بوون و پەیوەندییان لەگەڵ یەک هەبووە. هەروەها دەشڵێن کە ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەو ناوچانەی کە ئێستا بوونەتە بیابان، لەو سەردەمەدا و لە ژێر کەشوهەوای جیاوازدا شوێنی گرنگی ژیانی مرۆڤ و گیانەوەران بوون. ئەوان لەو بڕوایەدان کە کۆلارەکان لە سەردەمێکی پڕ لە ئاو و سەوزایی لە چەرخی هۆلۆسینی شێداردا (9000 تا 4000 ساڵ پ.ز) دروستکراون.
بەشی هەرە زۆری ئەو کۆلارانە لە (بانی لەباهـ) لە بیابانی نەفوود دروستکراون. لەبەر ئەوەی کە هیچ شوێنەوارێکی چەرخی دواتر (چەرخی برۆنزی) لە ناوچەکە نەدۆزراوەتەوە، دەردەکەوێت کە ناوچەکە دوای چەرخە شێدارەکە گۆڕدراوە بۆ شوێنێکی وشك و لە ئەنجامدا بەکەڵکی ژیانی مرۆڤ نەهاتووە و نێچیرەکانیشیان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواکەوە کۆچیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ