رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەڵێت، زیاتر لە دوو ملیۆن زیارەتکار عێراقیان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان. وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش دەڵێت، زیاتر لە 3 ملیۆن و 800 هەزار زیارەتکار لە ئێرانەوە چوونەتە کەربەلا.
عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، دوو ملیۆن زیارەتکار دوای بەجێگەیاندنی چلەی ئیمام حوسێن، عێراقیان جێهیشتووە و گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان.
ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش رۆژی 5ـی ئەیلوولی 2023 رایگەیاند، "تائێستا زیاتر لە 3 ملیۆن و 800 هەزار زیارەتکار لە ئێرانەوە چوونەتە کەربەلا. لەو ژمارەیەش زیاتر لە دوو ملیۆن و 300 هەزار زیارەتکار دوای بەجێگەیاندنی چلەی ئیمام حوسێن گەڕاونەتەوە ئێران".
هاتنی ئەو زیارەتکارانە بۆ بەشداریکردنە لە چلەی ئیمام حوسێن لە شاری کەربەلا. دەیان هەزار کەس لەوانیش لە دەروازە سنوورییەکانی حاجی ئۆمەران و باشماخ دەچنە نێو هەرێمی کوردستان و لەوێشەوە دەچنە کەربەلا.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2023 گوتی، لایەنە پەیوەندارەکان ئاسانکارییان بۆ هاتنی زیارەتکاران کردووە لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی مونزرییە، زرباتییە، شیب، شلامچە، سەفەوان، مەندەلی، کەرکووک، قائیم، فڕۆکەخانەی بەغدا، فڕۆکەخانەی نەجەف و فڕۆکەخانەی بەسرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ