بانکى رەشید: بەبێ ئامادەبوونى گەشتیار، دۆلارى پێنادرێت

06-09-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژى بانکى رەشید رایگەیاند، بەبێ ئامادەبوونی خودی گەشتیار، دۆلار بە هیچ کەسێک نادەن، هەروەها دۆلاریش بەبێ مۆری دەرچوون لە فڕۆکەخانە نادەنە هیچ گەشتیارێک.
 
رۆژی 6ى ئەیلوولی 2023 ئامال شوەیلی، گوتەبێژى بانکى رەشید بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەگوێرەى رێنوێنییەکانى بانکى ناوەندیى عێراق هیچ بڕە دۆلارێک نادەنە گەشتیار بەبێ ئامادەبوونى خۆى لەکاتى رادەستکردنى دراوى عێراقی؛ بە هەمان شێوەش بڕە دۆلارەکەى پێنادرێت تاوەکو مۆرى دەرچوونى لە فڕۆکەخانە لەسەر پاسپۆرتەکەى نەدرێت.
 
بەگوێرەى رێنوێنییەکانى بانکى ناوەندیى عێراق، هەر گەشتیارێکى عێراقى بۆى هەیە لە مانگێکدا بڕى 3000 دۆلار بە نرخى فەرمى لە بانکە مۆڵەتپێدراوەکان بکڕنەوە بە مەبەستى گەشتکردن بۆ دەرەوەى، کە نرخەکەى 1310 دینارە بەرامبەر یەک دۆلار.
 
کوتاب میزان، کە هاووڵاتییەکى عێراقییە، لە 6ى ئەیلوول بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، کاتێک بە مەبەستى گەشتکردن سەردانى لقى  بانکى رەشیدى کردووە لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغدا، پێیان گوتووە، 7ى مانگى ئادارى رابردوو بڕێک پارەى بۆ گەشتکردن لە بانکەکە کڕیوە لە کاتێکدا بە گوتەى ئەو هاووڵاتییە "دوو ساڵە گەشتى بۆ دەرەوەى عێراق نەکردووە."
 
گوتەبێژى بانکى رەشید ئاماژەى بەوەش داوە، کاتێک ئەو هاووڵاتییە سەردانى یەکێک لە لقەکانى بانکى رەشیدى کردووە، ئاگادارکراوەتەوە کە دەبێت ئەو بڕە دۆلارە لە ماوەى مانگێکدا وەربگرێت، ئەگەرنا ناتوانێت دۆلاری دیکە لە هەمان مانگدا وەربگرێت.
 
ئامال شوەیلی گوتیشى، "بەر لە دەستپێکردنى مامەڵەى کڕیارى دۆلار لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنیى بانکى ناوەندى، بانکەکەمان ئاگادار دەکرێتەوە، نەک ئەوەى وەرگرتنى پارەکە لە رێگەى پاسپۆرتەکەوە بێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە